ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و رادەستکردنی 10 تۆن یۆرانیۆم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ناو جەرگەی هەڕەشە سەربازییەکان و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دانوستاندنکارانی واشنتن و تاران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە جنێڤ کۆبوونەوە. هەردوو ئاژانسی ئەکسیۆس و رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ وردەکاریی ئەو داواکارییە تووندانەی ئەمریکایان ئاشکرا کردووە کە وەک مەرجی سەرەکی بۆ رێگری لە جەنگ خراونەتە روو.
کۆبوونەوەی 3 کاژێری و داهێنانی دیپلۆماسی
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەکسیۆس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ، بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاژێر لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ کۆبوونەوە. ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستاندنەکان بە دوو شێوە بەڕێوەچوون: ناراستەوخۆ لەرێگەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و راستەوخۆ لە نێوان دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران.
وەزیری دەرەوەی عومان لە ناوەڕاستی دانوستاندنەکاندا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "ئێمە خەریکی ئاڵۆگۆڕی بیرۆکەی داهێنەرانە و ئەرێنین و هیوادارین پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنین." هەروەها رافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەشداریی کۆبوونەوەکانی کردووە.
مەرجە تووندەکانی واشنتن
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ (WSJ) پەردەی لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکانی ئەمریکا لاداوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەم رۆژنامەیە، شاندی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت ئێران ئەم سێ هەنگاوە بنێت:
هەڵوەشاندنەوەی بنکەکان: دەبێت ئێران سێ بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی لە (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان) بە تەواوەتی هەڵوەشێنێتەوە.
رادەستکردنی یۆرانیۆم: دەبێت ئێران هەموو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کە نزیكەی 10,000 کیلۆگرامە (10 تۆن)، رادەستی ئەمریکا بکات.
رێککەوتنی هەمیشەیی: واشنتن داوا دەکات هەر رێککەوتنێکی نوێ دەبێت بۆ هەمیشە بێت و هیچ کاتێکی کۆتایی نەبێت، وەک ئەوەی لە رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆبامادا هەبوو.
بەپێی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ، ئێران پێشنیاری کردووە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی 1.5٪ کەم بکاتەوە یان بۆ چەند ساڵێک رایبگرێت، بەڵام ئەمریکا جەخت لەسەر "سفر پیتاندن" دەکاتەوە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماری بە وۆڵ ستریتی گوتووە: "هەر بیرۆکەیەک بۆ رێگەدان بە ئێران بۆ پیتاندنی کەم، تەنیا بۆ پاراستنی رووکاری بێت، بێبایەخە و دەبێت رەت بکرێتەوە."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندووە، سووربوونی ئێران لەسەر قسەنەکردن لەبارەی مووشەکە بالیستییەکان "کێشەیەکی زۆر گەورەیە." روبیۆ گوتی: "ئەوان بە دڵنیاییەوە هەوڵدەدەن بگەنە مووشەکی کیشوەر بڕ." هەرچەندە دانوستاندنەکانی جنێڤ تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بووە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت لەرێگەی هاوبەشە هەرێمییەکانییەوە گوشاری مووشەکی و میلیشیاکانیش چاک بکات.
ئاماژەکانی ناو تاران
لە لایەکی دیکەوە، ئەکسیۆس ئاماژەی بە پۆستێکی عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی کردووە، کە تێیدا نووسیویەتی: "ئەگەر کێشەی سەرەکیی ئەمریکا چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا ئەمە لەگەڵ فەتوای خامنەیی و بنەمای بەرگریی ئێراندا دەگونجێت و رێککەوتنی دەستبەجێ لەبەردەستدایە." شەمخانی جەختی کردووەتەوە، عێراقچی دەسەڵاتی تەواوی بۆ واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە پێدراوە.