لە 48 کاژێردا نزیکەی 20 پۆلیس و هاووڵاتی لە پاکستان کوژران


رووداو دیجیتاڵ

لە 48 کاژێری رابردوودا، زنجیرەیەک هێرشی چەکداری باکووری رۆژئاوای پاکستانی هەژاند و بەهۆیەوە نزیکەی 20 کارمەندی پۆلیس و هاووڵاتیی سڤیل کوژران. لە بەرامبەریشدا سوپای پاکستان کوژرانی 26 چەکداری راگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، بەرپرسێکی باڵای پۆلیس لە شاری پێشاوەر رایگەیاند، لە ئەنجامی "کردەوە تیرۆریستییەکان" لە ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا، 15 کارمەندی پۆلیس و چوار هاووڵاتیی سڤیل کوژران. ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوو ئەفسەری پۆلیس لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
 
لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاکستان رایگەیاند، چوار ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکەدا کردووە و تێیدا توانیویانە 26 چەکدار بکوژن.
 
زۆربەی هێرشەکان لەلایەن گرووپی "تەحریکی تالیبانی پاکستان" (TTP) کراون. ئەم گرووپە لە دوای گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021دا، هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی پاکستان چڕتر کردووەتەوە.
 
حکومەتی پاکستان بەردەوام حکومەتی تالیبان لە ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگەی داوە گرووپە چەکدارەکان خاکی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن بۆ پلانداڕشتن و ئەنجامدانی هێرش لە ناو خاکی پاکستاندا، بەڵام کابول هەمیشە ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
 
لە چەند مانگی رابردوودا، هەردوو ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا و بەلوچستان بوونەتە مەیدانی تەقینەوە و هێرشی چەکداری بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان، ئەمەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستانی گەیاندووەتە ئاستێکی ئاڵۆز.