روبیۆ: گفتوگۆنەکردنی ئێران لەسەر پڕۆگرامە مووشەکییەکەی کێشەیەکی گەورەیە
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، دەبێت ئێران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی دانوستاندن بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، تاران کار لەسەر مووشەکێک دەکات توانای هەیە بگاتە خاکی ئەمریکا.
روبیۆ لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا لە سانت کیتس و نێڤیس رایگەیاند: "من دەڵێم پێداگریی ئێران لەسەر باس نەکردنی مووشەکە بالیستییەکان کێشەیەکی زۆر زۆر گەورەیە."
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی مووشەکێکە دەتوانێت بگاتە خاکی وڵاتەکەی، بەڵام چەند کاژێرێک دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی ئێران و ئەمریکا لە جنێف کۆببنەوە، ئەمەش سێیەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوانیان دەبێت. تاوەکو ئێستا ئێران رەزامەندیی لەسەر گفتوگۆکردن لەربارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی نیشانداوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە دەبێت پڕۆگرامە مووشەکییەکەش بخرێتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکان؛ تەل ئەڤیڤ جگە لە مووشەکەکان، داوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو گرووپە چەکدارانەش دەکات، کە لە ئێرانەوە نزیکن.
روبیۆ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەی کاریبی گوتی: "سەرۆک چارەسەری دیپلۆماسی دەوێت و ئەوەی زۆر پێ باشترە." سەبارەت بە کۆبوونەوەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارین بەرهەمدار بن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت گفتوگۆمان لەسەر شتانێکی زیاتر هەبێت لە تەنیا بەرنامەیەکی ئەتۆمی."
بژارەی سەربازی لە ئارادایە؟
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک هیچ بڕیارێکی لەو بارەیەوە نەداوە، بۆیە نازانم ئایا ئەمڕۆ رێککەوتێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەو پرسە یان نا، بەڵام پێموایە پێویستە پێشکەوتن بەدەستبهێندرێت."
ناوە ناوە بەرپرسانی واشنتن باس لە ئەگەری بژارەی سەربازی دەکەن ئەگەر تاران نەیێتە سەر مێزی گفتوگۆ، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی ئێران هۆشداریی دەدەن لەوەی هەر هێرشێک بکرێتە سەریان، بە تووندی وەڵامی دەدەنەوە.