لاڤرۆڤ: پەلەمان نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی هیچ پەلەیەکی نییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا. دەشڵێت، هیچ وادەیەک بۆ ئەو پرسە دیاری نەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە هەبوونی هەر مەرجێکی کاتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئۆکراینا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "هیچ دوا وادەیەک نییە و ژمارەیەک ئامانجمان هەن؛ دەمانەوێت ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنین."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ پەلەیەکی نییە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی، کە زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا رووسیا و ئۆکراینا لە چەندین خولی گفتوگۆدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن؛ ئەوەش بەهۆی پێداگریی مۆسکۆ لەسەر داواکارییەکانی لەبارەی خاک و سیاسەت، کە کیێڤ بە "تەسلیمبوون"یان دەبینێت. بەرپرسانی باڵای رووسیاش رۆژی پێنجشەممە دووبارە ئەو بیرۆکەیەیان رەتکردەوە، کە گوایە رێککەوتنەکە نزیک بێت.
لەو بارەیەوە دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، زۆر زووە بۆ هەر جۆرە پێشبینییەک یان گوتنی ئەوەی کە پرۆسەی ئاشتی لە چ قۆناخێکدایە. گوتیشی: "هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئێستا هەوڵ بدەین قۆناخێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین، من نامەوێت ئەو هەڵانە بکەم."
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا چەندین جار رایگەیاندووە کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا پێویستە بۆ رێککەوتن لەسەر خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان، بەتایبەت چارەنووسی ئەو خاکانەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراون.
بەڵام پیسکۆڤ رۆژی پێنجشەممە دووبارەی کردەوە، رووسیا رازی نابێت بە کۆبوونەوەی لووتکە تاوەکو کۆتایی گفتوگۆکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک تەنیا بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە دەبێت، کە تیمەکانی دانوستاندنکار پێشوەختە لەسەری رێککەوتوون.