دادگەی دادی ئەورووپا: هەنگاریا بە داخستنی رادیۆیەک یاساکانی یەکێتییەکەی پێشێل کردووە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای یەکێتیی ئەورووپا رایدەگەیێنێت، حکومەتی هەنگاریا یاساکانی ئەو بلۆکەی پێشێل کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی رادیۆیەکی سەربەخۆ و رەخنەگری وڵاتەکەی ناچار کرد پەخشەکەی رابگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، دادگەی دادی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، بە راگرتنی پەخشی "کلوبرادیۆ" کە میدیایەکی رەخنەگرە، پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە یاساکانی یەکێتییەکە جێبەجێ نەکردووە.
 
دادگاکە جەختی کردەوە کە هەنگاریا چەندین پرەنسیپی سەرەکیی وەک ئازادیی رادەربڕین و دەستگەیشتن بە زانیاریی پێشێل کردووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە کە ئەو بیانووانەی حکومەتی هەنگاریا بۆ داخستنی رادیۆکە بەکاریهێناون، تەنیا "کەموکوڕی تەکنیکی بچووک بوون" و نەدەبوو ببنە هۆی رێگریکردن لە بەردەوامیی کارەکانی ئەو دەزگا میدیاییە.
 
"کلوبرادیۆ" کە مێژووەکەی بۆ نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2021ـەوە بەهۆی کێشەی مۆڵەتەوە ناچار کراوە تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخش بکات. ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی رێکخستنی میدیای هەنگاریا، کە بەرپرسەکانی نزیکن لە پارتی (فیدیس)ی دەسەڵاتدار، رەتیکردەوە مۆڵەتەکەی بۆ نوێ بکاتەوە.
 
ئەم بڕیارەی دادگەی ئەورووپا لە کاتێکی هەستیاردا بۆ ڤیکتۆر ئۆربان دێت؛ ئەو کە ماوەی 16 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە نیسانی ئەمساڵدا رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبێتەوە. ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە بە سەرکردایەتی پارتی "تیسزا" لە راپرسییەکاندا لە پێشەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە وڵاتەکە بەدەست سستیی ئابووری و ناڕەزایەتیی جەماوەرییەوە دەناڵێنێت.
 
رەخنەگرانی ئۆربان دەڵێن، لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا زۆربەی میدیا سەربەخۆکان یان داخراون، یان لەلایەن بازرگانە نزیکەکانی حکومەتەوە کڕدراونەتەوە و کراونەتە مینبەری پڕوپاگەندە بۆ پارتی دەسەڵاتدار؛ بەڵام حکومەتی هەنگاریا هەمیشە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر سەروەریی یاسا دەکاتەوە.