یەکێتیی ئەورووپا داوا لە وڵاتانى ئەندام دەکات دەست بە کۆگاکردنى گازی شل بکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکومەتەکانى یەکێتییەکە دەکات هەرچی زووترە دەست بە پڕکردنەوەى کۆگاکانى گاز بکەن بۆ ئامادەکارى بۆ زستانى داهاتوو، ئەمەش دوای ئەوەی جەنگى ئێران بازاڕەکانى سووتەمەنى لە جیهاندا تووشی شڵەژان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026 ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند دیپلۆماتکارێکى یەکێتیى ئەورووپاوە بڵاویکردەوە، کۆمیسیۆنى ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا هانی حکومەتەکانى داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى بەرزبوونەوەى نرخەکان هەنگاو بنێن.
هەروەها، داواى کردووە وڵاتان لە مانگى نیساندا دەست بە پڕکردنەوەى کۆگاکانیان بکەن تاوەکو پێش هاتنى زستان بڕى پێویستیان لەبەردەست بێت.
بەپێی راپۆرتەکە، نرخى گاز لە ئەورووپا لە دەستپێکی جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران لە 28ی شوباتەوە، بە رێژەى زیاتر لە 70% بەرزبووەتەوە.
ئەم ململانێیە بەهۆى داخستنى تەنگەى هورمز، کە رێڕۆى 20%ـی نەوت و گازی شلی جیهانە، بازاڕەکانى وزەی شێواندووە؛ لە هەمان کاتدا هێرشەکانى ئێران بۆ سەر کێڵگە گازییەکانى قەتەر بوونەتە هۆى پەککەوتنى 17%ـی تواناى هەناردەکردنى گازی شل.
داتاکانى ناوەندى "ژێرخانى گازی ئەورووپا" نیشانى دەدەن، ئاستى کۆگاکردنى گاز لە یەکێتیى ئەورووپادا بۆ ئەم کاتەى ساڵ زۆر کەمە و تەنیا 28%ـی کۆگاکان پڕن.
دۆخەکە لە هەندێک وڵاتدا خراپترە، بۆ نموونە هۆڵەندا تەنیا 6%ـی تواناى کۆگاکردنى پڕکراوەتەوە.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى یەکێتیی ئەورووپا رۆژى پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەى بەوە کرد، لەم ساتەدا هیچ کێشەیەک لە دابینکردنى گاز بۆ ئەورووپا نییە، چونکە یەکێتییەکە زیاتر پشت بە گازی نەرویج و ئەمریکا دەبەستێت نەک بەرهەمهێنەرانى رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کەوتوونەتە بەر هێرشەکان.
لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن رایگەیاندووە کە وڵاتان دەتوانن ئامانجى پڕکردنەوەى کۆگاکانیان بۆ 80% دابەزێنن لە برى ئەو 90%ـەی کە پێشتر وەک یاسا دیاریکرابوو.
ئەم گوشارە ئابوورییانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگەکە چووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لە نێو ئێراندا پێکاوە و هێزى دەریایی و ئاسمانیى ئەو وڵاتەیان رادەماڵیوە. لە بەرامبەردا، تاران بە لێدانى کێڵگە نەوتی و غازییەکانى ناوچەکە وەک "راس لەفان" و "هەبشان" وەڵامی دەداتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشتر بڕیاری دابوو 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە پاشەکەوتە ستراتیژییەکان بخاتە بازاڕەوە، بەڵام وڵاتانى ئەورووپا هێشتا نیگەرانن لەوەى درێژخایەنبوونى جەنگەکە ببێتە هۆى کارەساتى وزە لە زستانى داهاتوودا.