ترەمپ بە گاڵتەوە باس لە پلانەکانی دوای سەرۆکایەتی دەکات: 'دەچمە ڤەنزوێلا و خۆم بۆ سەرۆکایەتی دەپاڵێوم'
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئیدارەکەی خستە پێکەنین کاتێک بە گاڵتەوە باسی لە هەنگاوی داهاتووی خۆی کرد دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی سپی.
رۆژی پێنجشەممە، لە 11یەمین کۆبوونەوەی کابینەکەی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی دا، ترەمپ رایگەیاند کە ڤەنزوێلا "ئێستا لە باشترین دۆخدایە لە مێژووی وڵاتەکەیدا." ئەمەش دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نهێنییەی ئەمریکا دێت کە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجامدرا و تێیدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیرکران و گوێزرانەوە ئەمریکا.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ڤەنزوێلا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتێکی زیاتری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە بەراورد بە زۆربەی مانگەکانی ساڵی 2025. لە نێوەڕاستی مانگی شوباتیشدا، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا بە تۆڕی (NBC)ـی راگەیاندبوو کە داهاتەکە 1 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
دوای ئۆپەراسیۆنەکە، ئەمریکا کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلای گرتە دەست. سەرەتا داهاتەکە دەچووە سندووقێکەوە لە قەتەر کە لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا بوو، بەڵام ئێستا راستەوخۆ دەچێتە سەر ئەو هەژمارانەی کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرپەرشتییان دەکات.
روبیۆ گوتی: "ئەو بەشەی داهاتەکە کە دەدرێتە حکومەتی ڤەنزوێلا، یارمەتیی خەڵک دەدات بۆ دابینکردنی بودجەی نەخۆشخانەکان و پێدانی مووچەی مامۆستایان، واتە پارەکە نادزرێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکاش سوودێکی زۆری لێ دەبینێت و "ملیاران دۆلار"ـیان دەستدەکەوێت. هەروەها هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلای بە "سەرسوڕهێنەر" ناو برد.
دواتر ترەمپ بابەتەکەی گۆڕی و بە گاڵتەوە گوتی: "لە راستیدا، من زۆرترین دەنگم هەیە لە راپرسییەکاندا. بە واتایەکی دیکە، رەنگە دوای تەواوبوونی سەرۆکایەتییەکەم، بچمە ڤەنزوێلا و خۆم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکەم."
لەنێو پێکەنینی ئامادەبوواندا، ترەمپ گوتی رەنگە رکابەریی دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا بکات و گوتی: "ئەمە یەکێکە لە بژاردەکان. ئەوان لە ڤەنزوێلا منیان خۆشدەوێت. بژاردەیەکی نایابە."
بەپێی راپرسییەکی کۆمپانیای (Meganálisis) لە کاراکاس کە چەند رۆژێک دوای ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا ئەنجامدرابوو و زیاتر لە هەزار ڤەنزوێلایی بەشدارییان تێدا کردبوو، زیاتر لە 90٪ـی بەشداربووان سوپاسگوزاری ترەمپن بۆ لادانی مادورۆ. بەڵام زیاتر لە نیوەیان پێیان وایە سەرۆکی ئەمریکا زیاتر مەبەستیەتی کۆنترۆڵی یەدەگی نەوتی وڵاتەکەیان بکات نەک گەڕاندنەوەی دیموکراسی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە کۆنترۆڵی نەوتی ئێرانیش بکات، ترەمپ گوتی ئەوەش "بژاردەیەکە" بەڵام "نامەوێت قسەی لەسەر بکەم."
ترەمپ سەبارەت بە ئێران گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. هۆکاری ئەوەی دەیانەوێت رێککەوتن بکەن ئەوەیە کە بە تووندی تێکشکێندراون و گورزیان لێ دراوە."