نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: رژێمی پێشوو مافی کوردی زەوت کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم عولەبی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، حکومەتی نوێی سووریا کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافانە دەکات کە رژێمی پێشوو لە کوردی زەوت کردبوون. هەروەها ستایشی بڕیارە "ئازایانەکانی" سەرکردایەتیی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ پاراستنی مافەکانیان و یەکگرتنەوەیان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.
لێدوانەکەی عولەبی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026 لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە "کۆڕبەندی وزەی ئەمریکا - سووریا" کە لە بارەگای ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک (Atlantic Council) لە واشنتن بەڕێوەچوو. کۆڕبەندەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - سووریا رێکخرابوو و تیشکی خستە سەر کەرتی وزە، بووژانەوەی ئابووری و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سووریا. هەروەها تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا گوتاری سەرەکیی کۆڕبەندەکەی پێشکەش کرد.
سامانی نەوت و رۆڵی هەسەدە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرچاوە نەوتییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێکەڵکردنەوەی هەسەدە لەگەڵ حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سامانانە، ئیبراهیم عولەبی بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداوی گوت: "پێش هەموو شتێک، سڵاو بۆ ئازایەتیی گەلی کورد، سەرکردایەتیی کورد و هەسەدە دەنێرم بۆ گرتنەبەری ئەو بڕیارە ئازایانەی کە مافەکانی کورد دەپارێزێت و دڵنیایی دەدات لەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانە بەدەستدەهێنن کە دەوڵەت دەیبەخشێت، چ لە رووی دانپێدانان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، سەرچاوەکان و مافە کولتوورییەکانەوە بێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم تێکەڵبوونە تەنیا قسە نییە و ئێستا بە کردەیی جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: "نزیکەی هەموو وەزیرەکان چوونەتە باکوور و رۆژهەڵات و دەستیان بە پەیوەندی کردووە. ئێستا لافاو لەو ناوچانە هەیە، وەزارەتی فریاگوزاری لەوێیە و هەوڵدەدات هەرچییەکی لەدەست بێت بیکات. ئەمە ئەو سووریایەیە کە دەمانەوێت بیبینین، سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوو بۆ هەموو پێکهاتەکانی."
مافەکانی کورد و رژێمی پێشوو
سەبارەت بە مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە لەسەر هەمان رێچکەی ئێستا بەردەوام دەبن و رایگەیاند: "لە رۆژی یەکەمەوە سەرۆک ئەحمەد شەرع بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەگەر باسەکە پەیوەندیی بە مافەکانی کوردەوە هەبێت، پێویست ناکات تەنانەت یەک دڵۆپ خوێنیش بڕژێت."
عولەبی رەخنەی لە دەسەڵاتی پێشووی دیمەشق گرت و گوتی: "ئێمە لە دۆخێکداین کە لە رژێمی پێشووەوە بۆمان ماوەتەوە، کە تێیدا نکۆڵی لە زۆر لە مافەکانی گەلی کورد دەکرا. بۆیە ئێمە زۆر دڵخۆشین بە گەڕاندنەوەی ئەو مافانە."
روونیشیکردەوە کە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 113 مافە مێژووییەکانی کوردی چەسپاندووە و بەشداریی کورد لە دامەزراوەکانی حکومەتی نوێدا بەردەوامە. لەو بارەیەوە گوتی: "ئەم کۆبوونەوە و پەیوەندییانە هەمیشە لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکان لە کۆمیسیۆنی دادپەروەریی راگوزەر، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی دیکە بەردەوام بوون."
سووریا وەک ناوەندی وزە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆڕبەندەکەی واشنتن، ئیبراهیم عولەبی باسی لە هەوڵەکان کرد بۆ ئەوەی سووریا ببێتە مەڵبەندێکی هەرێمی بۆ وزە و رایگەیاند: "پێش هەموو شتێک پێویستە پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا کۆببنەوە و پێکەوە کاربکەن لەپێناو سووریایەکی یەکگرتوو و بەهێز کە سوود لە سەرچاوە جیاوازەکانی وەربگرێت."
گوتیشی: "ناوچە جیاوازەکانی سووریا خاوەنی سەرچاوەی جیاوازن، وەک بەندەرەکان، نەوت و کشتوکاڵ. سووریا لە رووی سەرچاوەکانی وزە، توانای هەناردە و هاوردەکردن و سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەندە. هەنگاوی یەکەم بۆ ئێمە ئەوەیە یەکبگرین، بەڕێوەبردنێکی باش، قەوارەیەکی رێکخراو و یاسای باشمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کاربکەین."