بەریتانیا گەمارۆی کەشتییە سێبەرەکانی رووسیا تووند دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا بڕیارێکی نوێی دەرکرد، تێیدا رێگە بە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەدات بچنە سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی رووسیا کە سزایان لە سەرە و دەستیان بە سەردا بگرن. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکە بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ڤلادیمیر پووتین لە جەنگی ئۆکرانیا دا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا (داونینگ ستریت)، هێزە سەربازییەکان و پۆلیسی بەریتانیا دەسەڵاتیان پێ دراوە رێگری لەو کەشتییانە بکەن کە بە ناو سنووری ئاویی بەریتانیادا تێدەپەڕن و ناویان لە لیستی سزادراوەکاندایە. ئەم بڕیارە تەنانەت نۆکەندی ئینگلیزیش دەگرێتەوە.
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پووتین دەیەوێت سوود لەو تەنگژەیەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بووە، وەربگرێت. 
 
ستامەر گوتی: "پووتین دەستەکانی بۆ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێک دەخشێنێت، چونکە پێی وایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت گیرفانی ئەو پڕ دەکات. هەر بۆیە ئێمە گوشارەکانمان بۆ سەر 'کەشتییە سێبەرەکان' تووندتر دەکەین تاوەکو ئەو قازانجە پیسە لە دەزگە جەنگییەکەی ببرین."
 
کەشتییە سێبەرەکان چین؟
 
بەریتانیا تاوەکو ئێستا سزای بە سەر 544 کەشتیی نەوتهەڵگردا سەپاندووە کە بە "کەشتییە سێبەرەکان" دەناسرێن. ئەم کەشتییانە زۆربەیان کۆنن و خاوەندارێتییان نادیارە و رووسیا بۆ هەناردەکردنی نزیكەی 75٪ـی نەوتی خاوی خۆی بەکاریان دەهێنێت.
 
ئەم بڕیارە تووندەی بەریتانیا لە کاتێکدایە، واشنتن بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی، کە بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیلەوە بەرزبووەتەوە، هەندێک لە سزاکانی سەر نەوتی رووسیای شل کردووە. بەڵام لەندەن و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی وەک فەرەنسا، بەلجیکا و فینلاند دەستیان کردووە بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە رووسییانەی خۆیان لە سزا نێودەوڵەتییەکان دەدزنەوە.
 
حکومەتی بەریتانیا هۆشداری داوە، هەر کەشتییەک دەستبەسەر بکرێت، خاوەنەکەی و تیمی ناو کەشتییەکە رووبەڕووی دادگە دەبنەوە. ستامەر بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی لووتکەی هێزی نێردراوی هاوبەش (JEF) لە شاری هێلسینکی، وردەکاریی زیاتر لە سەر ئەم ستراتیژییە نوێیە بخاتە روو.