ئەمریکا بەلەمێکی لە دەریای کاریبی تێکشکاند و 4 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر بەلەمێکی گومانلێکراو بە قاچاخی بێهۆشکەرەکان لە ناو دەریای کاریبی، بەهۆی هێرشەکەوە چوار کەس کوژران.
فەرماندەیی باشووری ئەمریکا (Southcom) لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، ئەم بەلەمە "لە ناو رێڕۆ ناسراوەکانی قاچاخی مادە بێهۆشکەرەکاندا لە دەریای کاریبی هاتوچۆی دەکرد و خەریکی قاچاخچییەتی بوو." بەرپرسانی سەربازی دەڵێن ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ بڕینی رێگەی بازرگانیی هۆشبەرەکان.
ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردووەوە دەستی کردووە بە ئامانجگرتنی ئەو بەلەمانەی گومانی قاچاخییان لێ دەکرێت لە دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن. بەم هێرشە نوێیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم جۆرە بۆردومانانەدا کوژراون، گەیشتە لانیکەم 163 کەس.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، وڵاتەکەی لە ناو جەرگەی جەنگێکی راستەقینەدایە دژی "تێرۆریستانی هۆشبەرەکان" کە لە ئەمریکای لاتین کار دەکەن. ترەمپ ئەم جەنگەی وەک یەکێک لە خاڵە لەپێشینەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دیاریکردووە.
سەرەڕای پێداگریی ئیدارەی ترەمپ، تاوەکو ئێستا واشنتن بەڵگەی کەم و لاوازی پێشکێش کردووە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا ئەو بەلەمانەی دەکرێنە ئامانج، بە راستی باری هۆشبەریان پێ بووە یان نا. هەندێک لە پسپۆڕان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەم هێرشانە وەک "کوشتنی دەرەوەی یاسا" دەبینرێن، چونکە بەبێ رێکاری دادوەری و بەڵگەی پێویست پەنا بۆ هێزی کوشندە دەبرێت.