ترەمپ: رووداوی تەقەکردنەکە ناموەستێنێت لە بردنەوەی جەنگی ئێران

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووداوى تەقەکردنەکە نابێتە رێگر لەبەردەم "بردنەوەی جەنگی ئێران." هەروەها رەتیکردەوە رووداوی تەقەکردنەکە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت.

رۆژی یەکشەممە 26ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دواى رووداوێکى تەقەکردن، لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئەم رووداوە ناموەستێنێت لە بردنەوەی جەنگی ئێران. پێناچێت رووداوەکە پەیوەندی بەو ململانێیەوە هەبێت، بەڵام هەرگیز نازانیت چی لەپشتە."

ترەمپ گوتی: "لە ماوەى سەرۆکایەتییەکەم کاری زۆر و گەورەم کردوون و "تەقە تەنیا لە کەسانێک دەکرێ کارى گەورەیان کردبێت". 

سەرۆکى ئەمریکا رەتیکردەوە رووداوەکە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت و گوتی، "پێموانییە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن." گوتیشى، "لە خولى یەکەمم رێککەوتننامەکەى ئۆباما و ئێرانم هەڵوەشاندەوە. ناکرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمی".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵەرەکان خەریکی دۆزینەوەی پاڵنەری تەقەکەرەکەن و وەسفی هێرشبەرەکەشی بە "گورگی تەنیا" (سەربەخۆ) کرد. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک بازنەی پشکنینی ئەمنیی هۆتێل "هیڵتن"ی واشنتن کە ئاهەنگى ساڵانەى ئێوارەخوانى رۆژنامەڤانانى کۆشکى سپی تێیدا بەڕێوەدەچوو، روویدا، دەستبەجێ سەرۆک و خانمی یەکەم بە خێرایی لە هۆڵی ئاهەنگەکە برانە دەرەوە.