پاکستان هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دەدات و ئێران مەرجی نوێی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، زانیاریی نوێ لەسەر هەوڵەکانی پشت پەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات.
دوو بەرپرسی پاکستانی بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە: "سەرکردایەتیی باڵای سیاسی و سەربازیی پاکستان پەلە دەکەن و هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی نێردەکانی بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی هەرێمی کە راستەوخۆ لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا بەشدارە، 4 خاڵی گرنگی بە ئەسۆشیەیتد پرێس گوتووە:
1- نێوەندگیرەکانی پاکستان سەرقاڵی کارکردنن بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە گەورەیانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن.
2- ئێران هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بهێنێت، پێش ئەوەی دەست بە گەڕێکی نوێی دانوستاندن بکەن.
3- گفتوگۆکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان، تیشکیان خستووەتە سەر کێشەکانی تەنگەی هورمز، کە یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم دانوستاندن.
4- ئێران دەیەوێت عومان رازی بکات کە پاڵپشتی لە میکانیزمێک بکات بۆ وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.