لە هەوڵی کودەتایەک لە مالی، وەزیری بەرگری کوژرا و شەڕ دەستی پێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵباتی وەزیری بەرگریی مالی رایانگەیاند، دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەی، کوژراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو رۆژە سوپا و چەکدارە جیهادییەکان و یاخیبووە جوداخوازەکان لە نزیک باماکۆی پایتەخت و شارەکانی دیکەی وڵاتەکە لە شەڕدان، ئەمەش گوشارێکی تووندی خستووەتە سەر ئەنجوومەنی سەربازیی ئەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە 26-06-2026 خێزانەکەی و بەرپرسێک رایانگەیاند، سادیۆ کامارا، وەزیری بەرگریی مالی، هاوژینی دووەمی و دوو لە نەوەکانی بەهۆی هێرشێکی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر ماڵەکەی لە ناوچەی (کاتی) لە دەرەوەی باماکۆ کوژراون.
هێرشە لەناوکاوەکانی رۆژی شەممە، بە هاوئاهەنگیی یاخیبووانی تواریگ لە (هاوپەیمانیی بەرەی رزگاریی ئەزەواد) و گرووپی جیهادیی (پشتیوانیی ئیسلام و موسڵمانان) کران، تێیدا چەندین ناوچەیان لەو وڵاتە فراوانەدا کردە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە شەڕ و پێکدادانەکان لە چەندین ناوچە دەستیان پێکردەوە، لەوانە: کاتی، کیدال، گاو و سێڤێر.
لەلایەکی دیکەوە، یاخیبووانی تواریگ رێککەوتنێکیان راگەیاند بۆ رێگەدان بە کشانەوەی
هێزەکانی رووسیا کە پشتیوانیی سوپای مالی دەکەن لە شاری کیدال لە باکووری وڵاتەکە،
ئاماژەیان بەوەش کرد، شارەکە "بە تەواوی" لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
بەرپرسێکی تواریگ رایگەیاند: "رێککەوتنێک کراوە رێگە بە سوپای مالی و هاوپەیمانە رووسییەکانی لە ئەفریقا دەدات کەمپی ژمارە 2 جێبهێڵن، کە لە دوێنێوە تێیدا گەمارۆدرابوون."
دانیشتوویەکی ناوچەکە گوتی: "بینیمان کاروانێکی سەربازی رۆیشت، بەڵام وردەکاریی
ئەوە نازانین چی روودەدات. ئێستا چەکدارانی بزووتنەوە چەکدارییەکان دەستیان
بەسەر شەقامەکاندا گرتووە."
شاری کیدال پێگەیەکی بەهێزی تواریگەکانە، لە تشرینی دووەمی 2023 لەلایەن سوپای
مالییەوە بە پاڵپشتیی گرووپی ڤاگنەری رووسی کۆنترۆڵکرایەوە، بەمەش کۆتایی بە
کۆنترۆڵی زیاتر لە 10 ساڵەی یاخیبووان هێنا. هەروەها بەرەی رزگاریی ئەزەواد
رایگەیاندووە، چەند پێگەیەکیان لە (هەرێمی گاو) لە باکووری وڵاتەکە
کۆنترۆڵکردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رۆژی یەکشەممە گوتی: "ئامانجی هێرشکاران دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی شارەکان نەبوو، بەڵکو هێرشی هاوئاهەنگیکراو بوو بۆ ئەوەی لانیکەم شاری کیدال بگرن."
زیاتر لە 10 ساڵە مالی بەدەست ململانێ و تووندوتیژیی جیهادییەکانەوە دەناڵێنێت،
بەڵام هێرشەکانی رۆژی شەممە خراپترین هێرش بوون لە ساڵی 2020ـەوە، کاتێک
ئەنجوومەنی سەربازیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
هێرشەکان لە دەوروبەری باماکۆی پایتەخت و چەندین شارۆچکە و شاری دیکەی ئەو وڵاتە روویاندا. حکومەتی مالی لە راگەیێندراوێکدا ئێوارەی شەممە بڵاویکردەوە، شەڕەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 16 سڤیل و سەرباز و "زیانی ماددیی سنووردار"ـی لێکەوتووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سەرجەم ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتەسەر، رەوشەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە."
شایەتحاڵان دەڵێن، لە پایتەخت رێگەی گەیشتن بە ناوەندە سەربازییەکان لەرێگەی دانانی بەربەست و تایە لەسەر شەقامەکان داخراوە. لە ناوچەی سێنۆ کە فڕۆکەخانەی تێدایە، رۆژی شەممە شەڕێکی سەختی لێکرا و دۆخەکە شڵەژاو بوو.
دانیشتوویەکی ناوچەکە گوتی: "هێشتا دەنگی تەقینەوەکان لە گوێمدا دەزرنگێنەوە، ئەوە زۆر ترسناکە." دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەی (کاتی) رۆژی یەکشەممە گوتی، دوای ئەوەی جیهادییەکان ناوچەکەیان جێهێشتووە رەوشەکە ئارام بووەتەوە، "بەڵام لە ترسدا دەژین."
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی "کردەوە
تووندوتیژییەکانی" مالی کرد. ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی لە
راگەیێندراوێکدا گوتی: "سکرتێری گشتی نیگەرانیی خۆی لەبارەی راپۆرتی
هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی مالی دەردەبڕێت." دوجاریک گوتیشی: "سکرتێری
گشتی داوای پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی
هەڕەشەی پەرەسەندووی تووندڕۆیی و تیرۆر لە ناوچەکە و دابینکردنی پێداویستییە
مرۆییە بەپەلەکان." هەروەها، رۆژی یەکشەممە یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی "هێرشە
تیرۆریستییەکانی" مالی کرد.
فەیلەقی ئەفریقای رووسیا، رێکخراوێکە راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە،
جێگەی گرووپی ڤاگنەری گرتووەتەوە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی مالی بۆ شەڕی دژی جیهادییەکان. مالی خاوەنی چەندین سەرچاوەی سرووشتییە، لەوانە زێڕ و کانزا
بەنرخەکانی دیکە. دەسەڵاتدارانی مالی، هاوشێوەی هاوتا سەربازییەکانیان لە نەیجەر و
بورکینافاسۆی دراوسێیان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فەرەنسا و چەند وڵاتێکی رۆژئاوا پچڕاندووە و زیاتر لە رووسیا نزیک بوونەتەوە.