بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان لە ئیجە 3 کۆچبەر خنکان و 12ی دیکەش بێسەروشوێنن


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی دوورگەی میکۆنۆسی یۆنانی دەڵێن، بەهۆی سەراوژێربوونی بەلەمە چووپەکەیان لە دەریای ئیجە لە نزیک دوورگەکە، لانیکەم سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکەش بێ سەروشوێنن. 
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، کۆچبەرەکان سووریایی و فەلەستینی بوون. رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی، 26-5-2023، روویداوە. 
 
هەوڵەکانی گەڕان بەدوای کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان لە رێگەی دوو هێلیکۆپتەری پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان و چەند کەشتییەکی تایبەت دەستیانپێکرد، دوای ئەوەی کە هاووڵاتییەکی فەلەستینی و یەکێکی سووریایی بە مەلەکەی خۆیان گەیاندە سەر بەردەکانی نزیک کەنارەکان.
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، تەرمی دوو ژن و پیاوێک لە دەریای ئیجەدا دۆزرانەوە. 
 
نیکۆکس کۆکالاس، گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان گوتی، لە کاتی گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا بایەکی نیمچە بەهێز لە دەریادا هەبووە؛ باسیشی لەوە کرد، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 6:00ی بەیانی بە کاتی ئەسینا (هەمان کات بە کاتی هەرێمی کوردستان) لە باکووری دوورگەی میکۆنۆس روویداوە.
 
دوورگەکە زیاتر لە 150 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاڵی کەناراوەکانی تورکیاوە دوورە. 
 
ئەو قاچاخچییانەی لە تورکیا دەمێننەوە، لەم ساڵانەی دواییدا روویان کردووەتە بەکارهێنانی رێگە دەریاییە کراوەکان بۆ ئەوەی خۆیان لەو رێگە ئاوییانە بەدووربگرن کە بە چڕی لە لایەن پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانەوە چاودێری دەکرێن و دەکەونە نزیک دوورگەکانی یۆنان.