لە لیڤەرپوول ئۆتۆمبێلێک خۆی بەناو ژمارەیەک هاندەری وەرزشیدا کرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلێک لە شاری لیڤەرپوولی بەریتانیا خۆی کرد بەنێو ئاهەنگێکی وەرزشی دا و پۆلیس دەڵێت: "چەند کەسێک بریندار بوون و شۆفێرەکە دەستگیرکراوە." هەروەها "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە."
 
رۆژی دووشەممە، 26ی ئایاری 2025، پۆلیسی بەریتانیا، رایگەیاند، "لە شاری لیڤەرپوول کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە."
 
هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەکەیان لە خولی ئینگلیزی، ئاهەنگەکەیان سازکردبوو.
 
لەدوای رووداوەکە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رووداوەکەی بە "مەترسیدار" ناودەبات و دەڵێت: "دەمەوێت سوپاسی پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن بکەم بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و بەردەوامیان بۆ ئەم رووداوە شۆکهێنەرە."
 
پۆلیس لەبارەی شۆفێرەکەوە رایگەیاندووە، کە پیاوێکی تەمەن 53 ساڵە و خەڵکی لیڤەرپوولە. بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی تائێستا لەسەر ناسنامەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
هاوکات پۆلیس داوا لە هاووڵاتییان دەکات زانیاری و ڤیدیۆی دڵتەزێن بڵاونەکەنەوە و هەر زانیارییەکیش لەبارەی رووداوەکە دەزانن پەیوەندییان پێوە بکەن.