لاڤرۆڤ: زیادکردنی خەرجییەکانی ناتۆ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایشمان نابێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی پێنجشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆنگساڤان فۆمڤیهان، وەزیری دەرەوەی لاوس، لە مۆسکۆ رایگەیاند، زیادکردنە گەورەکەی خەرجیی بەرگریی ناتۆ هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی نابێت.
 
ناتۆ بڕیاریداوە هەر وڵاتێک، 5٪ی کۆی داهاتی بەرهەمی نێوخۆی بۆ خەرجیی بەرگریی تەرخان بکات. 
 
لاڤرۆڤ گوتی: "سەبارەت بە کاریگەریی ئەم ئامانجەی 5٪یە لەسەر ئاسایشمان، پێموانییە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت."
 
هەروەها گوتی: "ئێمە دەزانین بەدوای چ ئامانجێکدا دەگەڕێین، ناشیانشارینەوە، بە ئاشکرا رایاندەگەیێنین."
 
ئەندامانی ناتۆ رێککەوتوون تاوەکو ساڵی 2035، ئامانجی خەرجییەکانیان بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرگری و خەرجییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشەوە، بۆ 5٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانە بەرزبکەنەوە. پێشتر ئەو ئامانجە 2٪ بوو.
 
سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و ئێران، لاڤرۆڤ گوتی، وا دیارە هەمووان "ئارەزوو دەکەن دۆخەکە بەرەو رێڕەوێکی سیاسی بڕوات."