کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا: کوردەکانی سووریا و عێراق هاوپەیمانمانن و جێیان ناهێڵین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کە خۆی بە کورد و سووریایی دادەنێت رایگەیاند، هەموو کەمینەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگن بۆ وڵاتەکەی. دەشڵێت، کوردەکانی عێراق و سووریا هاوپەیمانیانن و جێیان ناهێڵن. 
 
رۆژی شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، ئەیب حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پۆدکاستێکدا جەختی لەسەر گرنگیی هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە و رایگەیاند، کوردەکان لە عێراق و سووریا هاوپەیمانی سەرەکیی واشنتن بوون لە شەڕی دژی داعش و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک جێبهێڵرێن. حەمادە ئاماژەی بەوەشکرد کە سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک" بە مانای "ئەمریکا بەتەنیا" نایەت و واشنتن پێویستی بە هاوپەیمانەکانی هەیە.
 
گۆڕانکارییەکانی سووریا و گرنگیی ستراتیژی بۆ ئەمریکا
 
حەمادە قسەکانی بە باسکردنی مێژووی 50 ساڵەی حوکمڕانیی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا دەستپێکرد و گوتی: "لە سەردەمی حافز ئەسەد و دواتر بەشاری کوڕی، ئەوان 50 ساڵ حوکمی سووریایان کرد و لەو ماوەیەدا زۆر لە سۆڤیەت، رووسەکان و ئێرانییەکانەوە نزیک بوون و چەندین جار لە جەنگدا بوون لەگەڵ ئیسرائیل." ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە "دوای رووخانی ئەسەد، ژمارەیەک هۆز و گرووپی یاخی دەرکەوتن."
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا حکومەتی سووریایان رووخاند و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و زۆرینەی ماڵباتەکەی چوونە رووسیا.  
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەمادە باسی لە دەرکەوتنی "سەرۆکێکی نوێی سووریا" کرد کە "بەهۆی بەخشندەیی سەرۆک ترەمپەوە، سزاکانی سەری لابرا و لە پۆلێنی رێکخراوی تیرۆرستیش سڕییەوە، لەکاتێکدا پێشتر وەکو یەکێک لە پاڵپشتیکارانی تیرۆریزم دیاریکرابوو."
 
دوای رووخاندنی ئەسەد، ئەحمەد شەرع بووە سەرۆکی کاتیی دەسەڵاتی راگوزەر لە سووریا و دواتر بووە سەرۆکی وڵاتەکە. 
 
حەمادە جەختی لەسەر پێگەی جوگرافیی سووریا کردەوە و گوتی، "گرنگە بۆ ئەمریکییەکان تێبگەن کە هەرچەندە زەریای ئەتلەنتیک و پاسفیک لەنێوانماندایە، بەڵام ئێمە لەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات پارێزراو نین و دەکرێت کاریگەرییەکانی بگاتە ناوخۆی ئەمریکا."
 
سیاسەتی ترەمپ و پێویستیی هاوپەیمانێتی
 
ئەندامەکەی کۆنگرێس ستایشی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی، "سەرۆک ترەمپ تێدەگات ناوچەکە چەندە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گرنگە. لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا، یەکەم وڵات سەردانی کرد سعودیە بوو. ئێستاش، چووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی کردووە."
 
حەمادە روونیکردەوە کە "سیاسەتی ئەمریکا پێش هەموو شتێک" بەو مانایە نییە کە واشنتن پێویستی بە هاوپەیمانەکانی نییە، بەڵکو "پێویستمان بە هاوپەیمانەکانمانە، لەوانە ئیسرائیل." ئەو جەختی کردەوە کە هاوپەیمانیی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، "زۆر گرنگ بوو بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر بە مووشەک و درۆن وەڵامدرایەوە. رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا هێرشیکردە سەر هەریەک لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران. دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان هەردوولای راگەیاند و جەنگ وەستا. 
 
پاراستنی کەمینەکان و دروزە ئەمریکییەکان
 
حەمادە، کە دایکی دروزە، باسی پەیوەندیی تایبەتی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی دروز کرد و ئاماژەی بەو هێرشە کرد کە "هەفتەی رابردوو لە سوەیدای باشووری سووریا روویدا و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی دروز هەبوو." گوتیشی، "ئیسرائیل زۆر باش ئاگاداری رووداوەکانە و پاڵپشتی دروزەکان دەکات، چونکە بەشدارییەکی زۆریان لە حکومەتی ئیسرائیلدا هەیە."
 
هاوکات، حەمادە دۆسیەی کایلا مولەر، ژنە چالاکڤانی کریستیانی ئەمریکیی بەبیرهێنایەوە کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا کوژرا و گوتی، "ئەو بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی سووریا لەوێ بوو. هێشتا چالاکانە کاردەکەم بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی. پێویستە دڵنیایی لە گەڕاندنەوەی تەرمی هەموو ئەمریکییەکان بدەین."
 
کوردەکان هاوبەشی سەر زەوی بوون و جێناهێڵدرێن
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەیب حەمادە پەیامێکی روونی ئاراستەی ناوچەکە کرد و بە تایبەتی باسی لە رۆڵی کورد کرد و گوتی، "هاوپەیمانە کوردەکانمان لە عێراق و سووریا لەبیرناکەین. کورد ئەوانە بوون کە لە شەڕی دژی داعش لەسەر زەوی هاوکارییان کردین." ئەو دووپاتیکردەوە کە هەموو گرووپە کەمینەکان پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکاوە هەیە و گەورەترین پەیامی خۆی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: "ناتوانین هاوپەیمانەکانمان جێبهێڵین."