ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکاری لەو ویلایەتانە دەکات کە ئینگلیزی ناکەنە مەرجی مۆڵەتی بارهەڵگر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە فیدراڵییەکان لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، واشنتن و نیومەکسیکۆ دەکات، ئەگەر زمانی ئینگلیزی نەکەنە مەرج بۆ پێدانی مۆڵەتی بارهەڵگر.
12ی ئاب، بارهەڵگرێک لە یەکێک لە رێگە خێراکانی ئەمریکا بە نایاسایی پێچیکردەوە و خۆی لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە دا و سێ کەس لە رووداوەکەدا مردن.
رۆژی 26ی ئابی 2025، شەون دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری ئەو رووداوە ئەوە بووە کە شۆفێرەکە نەیتوانیوە بە باشی لە هێماکان تێبگات (دەکرێ کاتێک مۆڵەتەکەی وەرگرتووە بەهۆی نەبوونی ئاستێکی باش لە زمانی ئینگلیزی بووبێ کە وایکردووە بە باشی لە روونکردنەوەی هێما تێنەگات).
شەون دەفی گوتی، ئەگەر ویلایەتەکانی واشنتن، کالیفۆرنیا و نیومەکسیکۆ بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێنەکەن لەبارەی مەرجی زمانی ئینگلیزی، ئەوا دەکرێ هاوکارییە فیدراڵییەکانیان بۆ رابگرن.
حوزەیرانی ئەم ساڵ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریکی سەرۆکایەتی واژۆکرد کە تێیدا شۆفێرانی بارهەڵگری ناچار بە گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی زمانی ئینگلیزی دەکات، ئەگەرنا کارەکەیان لەدەستدەدەن و سزاش دەدرێن.
بە گوێرەی بڕیارەکەی ترەمپ، وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری بۆ بارهەڵگر پێویستی بەوەیە، داواکار بتوانێ لە تاقیکردنەوەی نووسین بە زمانی ئینگلیزی و گوتن و نووسینی ناوی بەشەکانی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر بە هەمان زمان سەرکەوتووبێ.
دەفی ئاماژەی بەوەش کرد، راگرتنی هاوکارییەکان پەیوەندی بە سەلامەتیی خەڵکەوە هەیە نەوەک سیاسی، چونکە پێویستە شۆفێران بتوانن بە باشی لە هێماکان تێبگەن و بتوانن گفتوگۆ لەگەڵ پۆلیسی هاتووچۆ بکەن لە ئەگەری بوونی هەر رووداوێکدا.
بە گوێرەی گوتەکانی وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، ویلایەتی کالیفۆرنیا 33 ملیۆن دۆلار، واشنتن 10.5 ملیۆن دۆلار و نیو مەکسیکۆش 7 ملیۆن دۆلار هاوکاری فیدراڵی لەدەستدەدەن، ئەگەر پابەندی بڕیارەکە نەبن.
ویلایەتی کالیفۆرنیا و 18 ویلایەتی دیکەی ئەمریکا و ناوچەی کۆڵۆمبیا مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە شۆفێران دەدەن بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکەن کە داواکار ئەمریکییە، پەنابەرە یان پەناخواز.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، لە 333 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە 68 ملیۆنیان لە ماڵەکانیان بە ئینگلیزی قسەناکەن و زمانەکە زمانی دووەمیانە.