لە کاتێکدا ترەمپ هۆشداری لە "دۆزەخ"ی کۆچبەران دەدات، ئامارەکان دابەزینێکی بەرچاو نیشان دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی تووندی دایە وڵاتانی ئەورووپا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران و رایگەیاند، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر سیاسەتی ئێستایان، وڵاتەکانیان "دەبنە دۆزەخ،" بەڵام ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا وێنەیەکی تەواو پێچەوانە نیشان دەدەن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا شانازیی بە سیاسەتە تووندەکانی خۆیەوە کرد بۆ رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران بۆ ئەمریکا و داوای لە ئەورووپاش کرد هەمان رێچکە بگرنەبەر.
 
بەڵام، بە پێچەوانەی ئەم هۆشدارییەوە، نوێترین داتاکانی "ئاژانسی پاراستنی سنوورەکان و کەناراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا" (فرۆنتێکس) دەریدەخەن، هاتنی کۆچبەران بە شێوەی نایاسایی بۆ ئەورووپا ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە رێژەیەکی بەرچاو و بە رێژەی 21% کەمیکردووە.
 
وردەکاریی ئامارەکان بۆ 8 مانگی رابردووی ئەم ساڵ دابەزینی زیاتریش لە رێڕەوە سەرەکییەکانی کۆچەوە نیشان دەدەن:
 
رێڕەوی ئەفریقا: گەورەترین دابەزینی تۆمارکردووە بە رێژەی 52%
رێڕەوی باڵکان: هاتنی کۆچبەران بە رێژەی 47% کەمیکردووە
رێڕەوی پۆڵەندا: رێژەی کەمبوونەوە گەیشتووەتە 44%
 
جێگەی سەرنجە، کەمترین رێژەی دابەزین لە رێگەی تورکیاوە بووە، کە بە رێژەی 18% کەمیکردووە. ئەم رێڕەوە بەوە ناسراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی بەشەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بەکاریدەهێنن.
 
بەمەش، لە کاتێکدا گوتاری سیاسی هۆشداری لە زیادبوونی مەترسییەکان دەدات، داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان کاریگەریی هەبووە و رێژەی کۆچی نایاسایی رووی لە کەمبوونەوە کردووە.