فێڵێکی 'یاسایی' لە ئیتاڵیا ئاشکرا بوو؛ دوو راوێژکار بە فرۆشتنی ئیقامە ملیۆنێک یۆرۆیان قازانج کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیتاڵیا، کە وێنەی باو بریتییە لە گەیشتنی سەدان کۆچبەر بە بەلەمی قاچاخ، ئەمجارە چیرۆکێکی تەواو جیاواز و فێڵێکی ورد ئاشکرا بووە. دوو راوێژکاری باج لە پارێزگای پیاچێنتسا توانیویانە 141 کۆچبەر بە شێوەیەکی یاسایی و بە مافی مانەوەی فەرمی (ئیقامە) بهێننە ناو وڵاتەکەوە و لەو رێگەیەوە نزیکەی یەک ملیۆن یۆرۆ قازانج بکەن.
 
چۆنێتیی کارەکە بە شێوەیەک بووە، دوو راوێژکارەکە سەردانی کۆمپانیا گەورەکانی ناوچەکەیان کردووە و پرسیاری ئەوەیان لێکردوون ئایا پێویستیان بە دەستی کاری بیانی (لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا) هەیە. دوای ئەوەی کۆمپانیاکان وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە، راوێژکارەکان داوایان لێکردوون کە لە داواکارییە فەرمییەکانیاندا، داوای دوو هێندەی ئەو ژمارە کرێکارە بکەن کە لە راستیدا پێویستیانە.
 
بەپێی پلانەکە، حکومەت بە شێوەیەکی ئاسایی رەزامەندی لەسەر نیوەی داواکارییەکان دەدات، ئەمەش هەمان ئەو ژمارەیە کۆمپانیاکان پێویستیانە. دواتر، دوو راوێژکارەکە مافی مانەوە و کارکردنیان بۆ ئەو نیوەیەی دیکەش وەرگرتووە و بە پارەیەکی زۆر فرۆشتوویانەتەوە بەو 141 کۆچبەرەی لە دەرەوەی ئیتاڵیا بوون.
 
ئاشکرابوونی فێڵەکە لە رێگەی رووداوێکی چاوەڕواننەکراوەوە بووە. یەکێک لەو کۆچبەرانەی پارەی دابوو، بەبێ ئەوەی بزانێت کارەکە نایاساییە، سەردانی یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکانی کردووە تاوەکو بزانێت چارەنووسی ئیقامەی خوارزاکەی بەکوێ گەیشتووە، کە بۆ وەرگرتنی 4000 یۆرۆی دابووە راوێژکارەکان. ئەوەش گومانی لای فەرمانبەران دروستکردووە و دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە دەستیپێکردووە.
 
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، تەواوی فێڵەکە ئاشکرا بوو. ئێستا مۆڵەتی کارکردنی هەردوو راوێژکارەکە هەڵوەشێندراوەتەوە و چاوەڕوانی دادگاییکردن و سزای قورس دەکەن.