ئەنجوومەنی ئاسایش داواکارییەکی رووسیا و چینی بۆ دواخستنی سزاکانی سەر ئێران رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوایین هەوڵی تایبەت بە دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی رەتکردەوە.
ئەو سزایانە کە بە میکانیزمی "گەڕانەوەی خێرا" یان "سناپباک" ناسراون، سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات سڕ دەکەن، فرۆشتنی چەک بە تاران رادەگرن و گەمارۆ دەخەنە سەر بەرنامەی مووشەکی بالیستی، ئەوەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئابوورییە داتەپیوەکەی ئەو وڵاتە.
دەنگدانەکەی رۆژی هەینی دوای ئەوە هات کە رووسیا و چین داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد پڕۆژە بڕیارێک تاوتوێ بکات، کە تاوەکو 6 مانگی دیکە هەڵپەساردنی سزاکان درێژ بکرێتەوە.
سەپاندنەوەی سزاکان دوای بڕیارەکەی مانگی رابردووی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دێت بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی گێڕانەوەی خێرای سزاکان، پاش ئەوەی ئێرانیان بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 تۆمەتبار کرد.
دوای چەندین هەفتە لە دانوستاندن، ئەورووپی و ئێرانییەکان نەگەیشتنە رێککەوتن.
دوای ئەوەی ئەورووپییەکان رایانگەیاند، سناپباک کارا دەکەنەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار لەگەڵ هاوتا فەرەنسی، بەریتانی و ئەڵمانییەکانی کۆبووەوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی پێش کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون.
ئێران تاکە وڵاتە کە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی نییە و یۆرانیۆم تاوەکو رێژەی 60% دەپیتێنێت، کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەتای ئەم مانگە، ئێران رێککەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم واژۆ کرد، کە بە نێوەندگیریی میسر بوو و ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگی و پشکنینەکان بوو، بەڵام بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوە کە ئەگەر سزاکان بگەڕێندرێنەوە، ئەوا رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێننەوە و کۆتایی بە هەموو هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسەکە دەهێنن.