لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمریکا 22 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەمریکا رایگەیاند، کەسێک لە رووداوێکی تەقەکردندا 22 کەسی کوشتووە و 50 بۆ 60 کەسی بریندار کردووە. تەقەکەرەکە کە دەگوترێت نەخۆشیی دەروونیی هەیە، تائێستا دەستگیرنەکراوە.
شەوی چوارشەممە 25-10-2023 بەرپرسانی شاری لویستن لە ویلایەتی مەین-ی ئەمریکا رایانگەیاند، کەسێک بەناوی "رۆبەرت کارد" گومانلێکراوی سەرەکیی رووداوێکی تەقەکردنە، کە 22 کەسی تێدا کوژراوە و لانیکەم 50 بۆ 60ی دیکەش بریندارن.
رۆبەرت مەکارتی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری لویستن پشتڕاستیی کردەوە کە ژمارەی کوژراوان 22 کەسن.
بە گوتەی پۆلیس، رووداوەکە لە دوو شوێن بووە؛ یەکێکیان لەسەر رێگەی مۆڵیسن لە هۆڵێکی بۆڵینگ و ئەوەی دی لە رێستۆرانتێک لە شەقامی لینکۆڵنی ئەو شارە کە نزیکەی شەش کیلۆمەتر لەنێوان دوو شوێنەکە هەیە.
هەر لەدوای رووداوەکە، لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە پۆلیس وێنەیەکی گومانلێکراوەکە و ئۆتۆمبێلەکەی بە چەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و گوتیان، "گومان دەکەین رۆبەرت کاردی تەمەن 40 ساڵ چەکی پێبێت، ئەو کەسێکی ترسناکە. تکایە ئەگەر دەزانن لە کوێیە، بە زوویی پەیوەندییمان پێوەبکەن. داوا دەکەین تا لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت، هەموو فرۆشگا و دوکانەکان دابخرێن. داوا لە خەڵک دەکەین لە ماڵەکانیان بمێننەوە و دەرگاکانیان دابخەن."
بە گوتەی پۆلیس ئەو کەسە راهێنەری تەقەکردن و ئەندامی سوپای یەدەگی ئەمریکییە. دەگوترێت ئەو کەسە ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی، چارەسەری وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی گوێی لەدەنگی نامۆ بووە.
جانێت میڵز، حاکمی ویلایەتی مەین لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، "داوا لە هەمووتان دەکەم تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن لە ماڵەکانتان بمێننەوە و رێنماییەکانی پۆلیس پەیڕەوبکەن. من لە چاودێریی بەردەوام دەبم و لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیس لە پەیوەندییدام."
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆشکی سپی کردووە هەموو هاوکاری و هاوئاهەنگییەک بکەن بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە.
شاری لویستن دووەم گەورەترین شاری ویلایەتی مەینە و 35 هەزار کەسی لێدەژی. ویلایەتی مەین یەکێکە لە ویلایەتە زۆر ئارامەکانی ئەمریکا کە ساڵانە کەمترین رێژەی تاوانی لێ تۆماردەکرێت. ساڵی 2022 لەو ویلایەتە 29 تاوانی کوشتن هەبوو.
پێش ئەوە، خوێناویترین رووداوی 2023ی ئەمریکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بوو، کە 11 کەس لەئاهەنگی سەری ساڵی چینییەکان کوژران. هەروەها لەساڵی 2019ـەوە لە هیچ رووداوێک ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک نەکوژراون. دوایینجار لە مانگی ئابی 2019 کەسێک بەناوی (پاتریک وود کروزیەس) لە ویلایەتی تەکساس تەقەی لە مارکێتێک کرد و 23 کەسی کوشت و 22ی دیکەی بریندار کرد.