زیاتر لە 60 وڵات هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی پێکدەهێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 60 وڵات یەکەم پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان واژۆ کرد، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی سایبەری و ئەلیکترۆنی، سەرەڕای دژایەتیکردنی ژمارەیەک کۆمپانیای تەکنەلۆژیای گەورە و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، کە هۆشدارییان داوە، ئەو پەیماننامەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی چاودێری و سانسۆری وڵاتان بەسەر هاووڵاتییانەوە.
 
رۆژی یەکشەممە لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام، زیاتر لە 60 وڵات بە سەرپەرشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی سایبەری واژۆ کرد و سەرپەرشتیارانی ئەو رێککەوتننامەیەش دەڵێن، ئامانجی ئەم رێککەوتننامە جیهانییە بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە دیجیتاڵییەکان، لەوانەش دیاردەی پۆرنۆگرافیی منداڵان، فێڵکردن لە خەڵک لە رێگە ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو سپیکردنەوەی پارە.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامەیەی بە "خاڵێکی گرنگ" وەسفکرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم هەنگاوە تەنیا سەرەتایە."
 
هەروەها گۆتێرێز گوتیشی، "هەموو رۆژێک فێڵ و ساختەکاری خێزانەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، کۆچبەران بە هەڵەدا دەبن و ملیۆنان دۆلار لە ئابووریمان دەدزن. ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستێکی بەهێز و جیهانییە."
 
پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی تاوانی ئەلیکترۆنی یەکەم جار لە ساڵی 2017 لەلایەن دیپلۆماتکارانی رووسیا پێشنیاز کرا و دوای دانوستاندن و گفتوگۆی چەندین ساڵە، پار بە کۆی دەنگ پەسند کرا.
 
بەڵام رەخنەگران و چالاکڤانانی بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، پەیماننامەکە بە زمانێکی زۆر گشتی نووسراوە و ئەمەش مەترسیی هەیە، لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومڕانەکانەوە بە خراپی بەکاربهێندرێت بۆ زیاتر سەرکوتکردنی رەخنەگران و ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەسەڵات.
 
سەبحەناز رەشید دیا، دامەزرێنەری پەیمانگای جیهانی تەکنەلۆجیا، لەبارەی ئەو پەیماننامە جیهانییەوە دەڵێت، "لە ماوەی دانوستاندنەکانی پەیماننامەکە چەندین نیگەرانی هەبوون سەبارەت بەوەی چۆن کۆمپانیاکان ناچار دەکەن داتا و زانیارییەکان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتەکاندا هاوبەش بکەن."
 
ئەو گوتیشی، "ئەمە هەمان کار و هەنگاوی رابردووە کە دژی رۆژنامەڤانان لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆرەوە بەکارهێندراون. تاوانی ئەلیکترۆنی کێشەیەکی راستەقینەیە لە سەرانسەری جیهاندا و پێموابێت هەمووان بە جۆرێک گیرۆدەی بوون."
 
بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کاری ساختەکاریی ئەلیکترۆنی و هێرشی سایبەری لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەهۆیەوە، ساڵانە بە هەزاران کەس ملیاران دۆلار لەو ساختەکارییەدا لەدەستدەدەن.
 
لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە ئازادیی تاک و مافەکانی مرۆڤ، کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیاش نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بەو پەیماننامە جیهانییە دەربڕیوە.
 
نیک ئاشتن هارت، سەرۆکی کۆمپانیایەکی تایبەت بە ئاسایشی سایبەری رایگەیاند، ئەو و نوێنەرانی زیاتر لە 160 کۆمپانیای گەورەی دیکەی بواری تەکنەلۆژیا لەوانەش کۆمپانیاکانی مێتا، دێل و ئینفوسیسی هیندی، رایانگەیاندووە کە دژی ئەو پەیماننامەیەن.
 
ئەو کۆمپانیایانە پێشتر هۆشدارییان دابوو بەوەی پەیماننامەکە توێژەرانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە تاوان دادەنێت و رێگە بە دەسەڵاتداران دەدات لە هەر کردەوەیەکی تاوانکاری کە خۆیان بیانەوێت، دەستوەردان بکەن.