دۆزینەوەیەکی نوێ لە چین: 10,000 ساڵ لەمەوبەر ئەستێرەیەکی کلکدار بە هێزی 40 بۆمبی ئەتۆمی بەر زەوی کەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

تیمێک لە زانایان بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە ئەستێرەیەکی کلکدار (نەیزەکێک) نزیکەی 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە باشووری چین بەر زەوی کەوتووە. ئەم پێکدادانە چاڵێکی گەورەی دروستکردووە کە ناوی "چاڵی جینلین"ـە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدا بووە کە مرۆڤایەتی لە قۆناخی گەشەسەندنێکی خێرادا بووە. 
 
چاڵەکە تیرەکەی 900 مەترە.
 
زانایان پێیان وایە بەهۆی ئەستێرەیەکی کلکدارەوە دروست بووە کە تیرەکەی نزیکەی 30 مەتر بووە.
 
هێزی تەقینەوەکەی هێندەی 40 بۆمبی ئەتۆمی بووە.
 
چۆن دڵنیا بوون کە ئەستێرەی کلکدار بووە؟
 
زانایان لێکۆڵینەوەیان لەسەر بەردەکانی شوێنەکە کردووە و بینیویانە شووشەی وردیلەیان تێدایە. ئەم جۆرە شووشەیە تەنیا بەهۆی گەرمی و پەستانێکی یەکجار زۆرەوە دروست دەبێت، وەک ئەو گەرمایەی لە ئەنجامی بەرکەوتنی ئەستێرەی کلکدار بە زەوی دروست دەبێت، نەک لە هیچ بارودۆخێکی ئاسایی سەر زەویدا.
 
بۆچی ئەم دۆزینەوەیە گرنگە؟
 
تاوەکو ئێستا تەنیا 5 چاڵی لەم شێوەیە لە هەموو چیندا دۆزراونەتەوە، ئەمە پێنجەمینە کە تازە ئەم لێکۆڵینەوەیەی لەسەر کراوە. 
 
چاڵی جینلین یەکەمین چاڵە کە لە باشووری چین بدۆزرێتەوە. چاڵەکە یەکەم جار لە ساڵی 2023 دۆزرایەوە. 
 
دۆزینەوەی چاڵی کۆن لە باشووری چین زۆر قورسە، چونکە ئەو ناوچەیە باران و گەرمیی زۆرە، ئەمەش وا دەکات چاڵەکان بە ئاسانی پڕببنەوە و دیار نەمێنن.
 
زانایان هێشتا دڵنیا نین کە چاڵەکە تەواو کەی دروست بووە و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. بەڵام ئەم دۆزینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەکرێت ئەستێرەی کلکدار لە هەر شوێنێکی زەوی بدات. زانایان پێیان وایە رەنگە چاڵی دیکەش لە چین هەبن کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
 
*ئەم توێژینەوەیە لە رۆژنامەی South China Morning Postی چینی بڵاوکراوەتەوە