لە نزیک کۆشکی سپیی ئەمریکا تەقە کرا و چەند کەسێک بریندارن

رووداو دیجیتاڵ 

دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن رایگەیاند، لە نزیک کۆشکی سپی تەقە لە پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا کراوە. پۆلیسی واشنتن دەڵێت، گومانلێکراوێکیان دەستگیر کردووە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیار کوردە، هێرشەکە بۆ سەر کۆشکی سپی نەبووە. 
 
رۆژی چوارشەممە 26-11-2025 پۆلیسی واشنتن رایگەیاند، کەسێک بە چەک هێرشی کردووە و تەقەی کردووە. "چەند کەسێک برینداربوون، دووانیان پاسەوانیی نیشتمانین."
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وردەکاریی رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و کۆشکی سپی چاودێریی دۆخەکە دەکات.
 
کریستی نۆوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند: "تکایە لەگەڵم بن بۆ ئەوەی نزا بۆ ئەو دوو پاسەوانە بکەین کە کەمێک لەمەوبەر تەقەیان لێکرا."
 
پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی تەندروستیی سێ کەسەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە.
 
یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە دیار کوردەی گوت، "لەنێو تاکسی بووم و گوێم لە دەنگی تەقە بووم، بینیم هەموو خەڵکی رایاندەکرد. دوو جار گوێم لە تەقە بوو و کەسێک هەر هاواری دەکرد یارمەتیم بدەن".
 
بەگوێرەی پۆلیس، هێرشەکە لە چوارڕییانی 17ـی شەقامی نۆرسوێست کراوە، کە چەند شەقامێک لە کۆشکی سپیی ئەمریکاوە دوورە.
 
رووداوەکە لە نزیک باڵەخانەی نووسینگەی جێبەجێکاریی ئایزنهاوەر روویداوە، کە چەندین کارمەندی کۆشکی سپیی لێ دەمێننەوە و کار دەکەن.