سربیا سوپای وڵاتەکەی دەباتە سەر سنووری کۆسۆڤۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سربیا، سوپاسالاری وڵاتەکەی دەنێرێتە سەر سنووری کۆسۆڤۆ بۆئەوەی "چەند ئەرکێکی ورد جێبەجێ بکات". ئەوەش لە کاتێکدایە کە تادێت گرژیی نێوان دوو وڵاتەکە زیاد دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2022، جەنەراڵ میلان مۆجسیلۆڤیج، سوپاسالاری سربیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "هەمان شەو لەلایەن ئەلێکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی وڵاتەکەوە راسپێردراوە بۆئەوەی بچێتە سەر سنووری کۆسۆڤۆی دراوسێی کە هێشتا سربیا دان بە سەربەخۆیی وڵاتەکەدا نانێت."
 
سوپاسالاری سربیا دەڵێت، "بارودۆخی ئەوێ ئاڵۆزە. لە داهاتوودا پێویستی بە بوونی سوپای سربیایە بە درێژایی سنوور،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سنووری کۆسۆڤۆ کە لەلایەن بێلگرادەوە بەکاردەهێندرێت.
 
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەی لە بێلگراد، جەنەراڵەکەی سوپای سربیا گوتیشی، دەچێتە راسکا، شارۆچکەیەک کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە سنووری کۆسۆڤۆوە دوورە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ئەرکانەی سوپای سربیا پێی راسپێردراوە، ورد و روونن و بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێن."
 
هەر دوای ئەوەی سوپاسالار گەیشتە نزیک سنووری کۆسۆڤۆ، دەنگی تەقە بیسترا. میدیای سربیا رایگەیاند، "شەڕ لەنێوان سەربازانی هەردوو وڵاتەکە روویداوە، دوای ئەوەی هێزەکانی کۆسۆڤۆ هەوڵی هەڵگرتنەوەی چەند بەربەستێکیان لەسەر رێگە داوە."
 
هەفتەی رابردوو، ئانا برنابیک، سەرۆکوەزیرانی سربیا رایگەیاند، وڵاتەکەی "لە لێواری شەڕدایە" لەگەڵ کۆسۆڤۆ.
 
کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 تاکلایەنانە سەربەخۆیی خۆی لە سربیا راگەیاند. ژمارەی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ 1.8 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش 92%ـیان ئەلبانین و 6%ـیان سربین کە ژمارەیان 120 هەزار کەس دەبێت و لە ناوچەکانی کاجانیک، جیلان و میترۆڤیکا نیشتەجێن.
 
کۆسۆڤۆ لەلایەن 99 وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا، وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ دانی پێدا نراوە؛ بەڵام رووسیا و چین کە پاڵپشتیی سربیا دەکەن رێگە نادەن کۆسۆڤۆ ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
ناتۆ 3,770 سەربازی ئاشتیپارێزی لە کۆسۆڤۆ جێگیر کردوون بۆئەوەی رێگری لە پێکدادانی نێوان کۆسۆڤۆ و سربیا بکات، بەڵام سربیا پێیوایە بوونی هێزی ناتۆ بە تەنیا رێگری لە شەڕ ناکات.