سەرۆکوەزیرانی پێشووی مالیزیا بە تاوانی گەندەڵی سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێوەگلانی لە گەورەترین دۆسیەی گەندەڵیی دارایی و پارە سپیکردنەوە، دادگەیەکی مالیزیا سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ نەجیب رەزاق، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە دەرکرد. ئەمڕۆ هەینی، دادگەی باڵای کوالالامپوور بە سەرۆکایەتیی دادوەر کۆڵن لۆڕێنس سیکوێرا بڕیارەکەی دەرکرد.
نەجیب رەزاقی تەمەن 72 ساڵ، کوڕی یەکێک لە دامەزرێنەرانی مالیزیایە و لە ساڵی 2009 بۆ 2018 سەرۆکوەزیران بووە.
4 تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، 21 تۆمەتی پارە سپیکردنەوە و تۆمەتێکی دیکەی دەستگرتن بەسەر 2.28 ملیار رینگیت (نزیکەی 554 ملیۆن دۆلار)ـی سندوقی سامانی سەروەریی مالیزیای لەسەر بوون.
پێشتر لە ئەمریکا، سویسرا و سەنگاپوور لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی سەتان ملیۆن دۆلاری ئەو سندووقە کرابوو کە دەبوایە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی مالیزیا تەرخان کرابایە، بەڵام دەگوترێ نەجیب رەزاق پارەکەی بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی بەکارهێناوە.
لە دانیشتنەکەی دادگەدا، تیمی پارێزەرانی رەزاق رەتیان کردەوە پارەکە "دزرابێت" و رایانگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەژمارەکەی رەزاقدا بووە "بەخشین بووە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتووە".
بەڵام دادوەر ئەو پاساوەی رەتکردەوە و گوتی: "داواکاری گشتی بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە سەلماندی کە تۆمەتبار بەرپرسە لە تاوانەکە، بۆیە بڕیاری سزادانم دەرکرد."
بەپێی یاسای مالیزیا، هەر تاوانێکی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات سزاکەی دەگاتە 20 ساڵ زیندانی لەگەڵ پێبژاردنێک کە 5 هێندەی بڕی بەرتیلەکە دەبێت.
تیمی داواکاری گشتی لە رێگەی 50 گەواهیدەر و خستنەڕووی بەڵگەنامەی بانکییەوە توانییان بیسەلمێنن کە نەجیب رەزاق پەیوەندیی راستەوخۆی بە گواستنەوەی پارەکەوە هەبووە و رەتیانکردەوە کە هەموو بەرپرسیارێتییەکە تەنیا لە ئەستۆی جۆ لۆ، بازرگان و هاوبەشی هەڵاتووی رەزاق بێت.
جۆ لۆ وەک داڕێژەری پلانەکە تەماشا دەکرێ. بەپێی دادگە، تۆمەتبارە هەڵهاتووەکە پارەی سندووقەکەی لە کڕینی خانووبەرەی شاهانە و تابلۆی هونەریی گرانبەهای وەک مۆنێ و ڤان کوخ خەرج کردووە. دادوەر لەوبارەیەوە گوتی: "جۆ لۆ وەک بریکاری رەزاق لە بەڕێوەبردنی سندووقەکەدا کاری کردووە."
نەجیب رەزاق ئێستا سزایەکی دیکەی 6 ساڵ زیندانی بەسەردەبات کە پێشتر بەهۆی دۆسیەیەکی دیکەی پەیوەست بە هەمان سندووقەوە بەسەریدا سەپێنرابوو. سەرەتای ئەم هەفتەیەش رەزاق گورزێکی دیکەی یاسایی بەرکەوت، کاتێک دادگە داواکارییەکی رەتکردەوە بۆ گۆڕینی سزاکەی لە "زیندانەوە" بۆ "دەستبەسەری لە ماڵەوە."