هەنگاریا "تونێلی زستانە" بۆ پاراستنی سەگە بێلانەکان دروست دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی لە سەرانسەری ئەورووپای نێوەڕاست، هەنگاریا چارەسەرێکی داهێنەرانە و مرۆییانەی بۆ پاراستنی سەگە بێلان راگەیاندووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە شەپۆلەکانی سەرما و بەفربارین ژیانی ئەم ئاژەڵانەی خستووەتە مەترسییەکی جیددییەوە.

رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییە خۆجێیەکان و دەیان خۆبەخش، دەستیان بە دانانی "تونێلەکانی زستانە"ی گەرمکراو بە وزەی خۆر کردووە، کە بە تایبەتی بۆ دابینکردنی گەرما و پەناگەیەکی ئارام بۆ سەگە بێلانەکان لە ساردترین مانگەکانی ساڵدا دیزاین کراون. 
 
ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییە کەمکردنەوەی رێژەی مردن و برینداربوونە، کە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی و بەرکەوتنی درێژخایەن بە کەشوهەوای سەختەوە روودەدەن.
 
پەناگەکان، کە بە تەواوی پشت بە وزەی خۆری نوێبووەوە دەبەستن، لە رۆژدا وزەی گەرما کۆدەکەنەوە و لە رێگەی دیوارە ئەستوورەکانیانەوە دەیپارێزن. ئەم میکانیزمە وادەکات پلەی گەرمی ناوەوەیان بە شێوەیەکی بەرچاو گەرمتر بێت بەراورد بە ژینگەی دەرەوە.
 
خۆبەخشێکی بواری پاراستنی مافی ئاژەڵان، کە بەشدارە لە پڕۆژەکەدا، دەڵێت، "ئەمە چارەسەرێکی ژیان رزگارکەرە. کاتێک پلەکانی گەرما بۆ خوار 10 پلەی ژێر سفر دادەبەزن، تەنانەت سەگە بەهێز و تەندروستەکانیش ئەگەر پەناگەیەکیان نەبێت، لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا ئەگەری مردنیان هەیە."
 
هەموو زستانێک، لەکاتی بەفرباریندا، هەزاران سەگی بێلانە لە سەرانسەری هەنگاریا رووبەڕووی دۆخی مەترسیدار دەبنەوە. هەرچەندە پەناگەی فەرمیی ئاژەڵان هەن، بەڵام زۆرجار توانای لەخۆگرتنی هەموو ئاژەڵە بێلانەکانیان نییە.
 
پزیشکانی ڤێتێرنەری جەخت دەکەنەوە بەرکەوتن بە سەرمای زستان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی ئاژەڵە بێلانەکان، بەتایبەتی لە کاتی شەپۆلە درێژخایەنەکانی سەرما کە چەندین رۆژ بەردەوام دەبن.
 
هەر پەناگەیەک بە ئەندازەیەک گەورەیە کە بتوانێت لە یەک کاتدا چەندین سەگ لەخۆبگرێت. ئەمەش رێگەیان پێدەدات بۆ گەرمای زیاتر خۆیان لە یەکدی نزیک بکەنەوە، کە رەفتارێکی سرووشتیی مانەوەیە لە نێو ئاژەڵاندا لە کەشوهەوای سارددا. 
 
بە پێچەوانەی پەناگە گەرمکراوە نەریتییەکان، تونێلەکان پشت بە کارەبای نیشتمانی نابەستن، ئەمەش وایانکردووە هەم لە رووی تێچوونەوە گونجاو بن و هەم دۆستی ژینگە بن.
 
رێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی ئاژەڵان لە هەنگاریا دەڵێن، نزیکەی 500 هەزار سەگی بێلانە لە شەقامەکانی و 20 هەزاریشیان لە شێلتەرەکاندا جێگیر کراون.