جۆن کێربی: سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکی میسر لەبارەی غەززەوە قسەیکرد

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، جۆ بایدن لەبارەی دۆخی غەززە و بارمتەکان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی میسر و میری قەتەر کردووە. ئەمریکا لە هەوڵدایە بۆ دابینکردنی رێککەوتنێکی دیکەی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان.
 
رۆژی هەینی، 26-1-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکی میسر لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی نێو ئیسرائیل و غەززە بە تەلەفۆن قسەیکرد."
 
لەبارەی بارمتەکانەوە، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاسانکارییکردن بۆ رێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەی رێککەوتنەکەی مانگی 11ـی ساڵی 2023 بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە غەززە ماون.
 
قەتەر لە سەرەتای جەنگی غەززەوە لە دانوستاندنەکاندا بووە و لە دوایین رێککەوتنی بارمتەکانیشدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. میسریش وەک هاوسنووری ئیسرائیل و فەلەستین لە گفتوگۆی بارمتەکاندا رۆڵی هەبووە.
 
رۆژی 12-1-2024، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "لەگەڵ قەتەر رێککەوتین بۆ ناردنی دەرمان بۆ بارمتەکانی غەززە. رێککەوتنەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
دیپلۆماتێکی قەتەری کە لە گفتوگۆکاندا بەشداربووە گوتی، "سەردانی خێزانی بارمتەکانی غەززەمان کرد و گفتوگۆکانمان خێراتر چوونە پێشەوە. حەماس و ئیسرائیل ویستی خۆیان بۆ ئەو رێککەوتنە نیشاندا".
 
ئەو دیپلۆماتە ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی یارمەتییەکە لە رێگەی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە دەبێت.
 
دوای ئەو رێککەوتنە، بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە هۆی نیگەرانکردنی بەرپرسانی قەتەر.
 
رۆژی 24-1-2024، تۆمارێکی دەنگیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میدیایەکی وڵاتەکە بڵاوبووەوە کە تێیدا رەخنە لە قەتەر دەگرێت و دەڵێت، "ئێوە گوێتان لێم نابێت سوپاسی قەتەر بکەم. ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور نییە، تەنانەت لەوان زیاتر سەر بەکێشەترن."
 
نەتەنیاهوو قەتەری بە پاڵپشتیکردنی حەماس تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئەوان پاڵپشتیی دارایی حەماس دەکەن. زۆر لە ئەمریکا تووڕەم، چونکە بڕیاری داوە مانەوەی بنکە سەربازییەکەی لە قەتەر درێژە پێبدات."
 
ماجید محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی ئێکس وەڵامی نەتەنیاهۆی دایەوە و گوتی، "ئێمە بەو لێدوانانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شۆک بووین. ئەگەر ئەو قسانە راستبن و پشتڕاستبکرێنەوە، ئەوا هەوڵەکانی رزگارکردنی ژیانی کەسانی بێتاوان هەرەس دەهێنێت."
 
قەتەر، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونە پردی لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی و ئاڵوگۆڕکردنی 105 بارمتە و 240 بەندکراو لە چوار کۆمەڵەدا.
 
ئەنساری بە نەتەنیاهووی گوت، "ئەگەر ئەم قسانە راست بن، ئەوا سەرۆکوەزیران خۆی لەمپەر دەخاتە بەردەم پڕۆسەی نێوەندگیری. ئەو لە بری خستنەپێشی رزگارکردنی ژیانی بێتاوانەکان، هاتووە خزمەتی سیاسەتی خۆی دەکات."
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت رۆژی 7-10-2023 دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیانکرد و هەزار و 140 کەسیان کوشت، 250 کەسیشیان رفاند.
 
سێ مانگ و نیو زیاترە شەڕی غەززە بەردەوامە و ئیسرائیل دەڵێت، حەماس هێشتا 132 بارمتەی لەلایە و گومان دەکەن 26یان کوژرابن.
 
تەندروستیی غەززەش باس لەوە دەکات کە لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 26 هەزار کەس کوژراون کە ٪70یان ژن و منداڵن.