بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمریکا سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ تۆمارکراوە بە تۆمەتی ئەوەی سێ لە بەرهەمەکانی دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی شێرپەنجە. کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا ئەو بابەتە رەتدەکاتەوە.
ژمارەیەک توێژەر لە زانکۆی نۆتەردام لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان لەسەر 22 کاتژمێری زیرەک کردووە، کە ئایا دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە یان نا.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە سێ لە کاتژمێرە زیرەکەکان بەناوەکانی سپۆرت باند، ئۆشن باند، کە بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵن و نایک سپۆرت باند، کە بەرهەمی هاوبەشی ئەپڵ و نایکە، دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی دیکە. ئەمە لەکاتێکدایە کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، کاتژمێری زیرەک یارمەتی باشترکردنی تەندروستیی بەکارهێنەران دەدات.
ئەو کاتژمێرانە بۆ چەند مەبەستێک بەکاردەهێندرێن، لەوانە زانینی خێرایی لێدانی دڵ، زانینی هەنگاوەکانی رۆژانە و چەندین بابەتی دیکە.
توێژەران دەڵێن، قایشی ئەو سێ بەرهەمە رێژەیەکی بەرزی پێر-پۆلیفلۆرۆئەلکیلی تێدایە کە ناسراون بە مادەی کیمیایی هەمیشەیی. مادەی کیمیایی هەمیشەیی بەو مادانە دەگوترێت کە شی نابنەوە لە ژینگە و جەستەی مرۆڤدا و دەبنە هۆی نەزۆکی، پرۆستات، گورچیلە و شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ.
لەسەر ئەم بابەتە لە دادگەی ناوچەی باکووری ویلایەتی کالیفۆرنیا داوایەکی یاسایی دژی کۆمپانیای ئەپڵ تۆمارکرا. کۆمپانیاکە تۆمەتبارکرا بەوەی بە مەبەست ئەو بابەتەی لە بەکارهێنەران شاردووەتەوە.
سەبارەت بە داواکە، کۆمپانیای ئەپڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاتژمێرەکانی ئەپڵ سەلامەتن بۆ بەکارهێنەران". دەشڵێت، "جگە لەوەی تاقیکردنەوە لەسەر بەرهەمەکانمان دەکەین، کار لەگەڵ ژمارەیەک تاقیگەش دەکەین بۆ ئەوەی تاقیکردنەوە و شیکاری وردی ئەو مادانە بکەن کە بەکارمانهێناون."
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە دەڵێن، کۆمپانیای ئەپڵ بۆیە ئەو مادانەی لە دروستکردنی قایشی کاتژمێرەکانی بەکارهێناوە، چونکە بەرگرییەکی بەهێزیان دژی ئارەقە، چەوری پێست و کرێمەکان هەیە.
پێشتر بۆچوونی زانایان بە جۆرێک بوو کە تەنیا لەکاتی خواردنی ئەو جۆرە مادانە دەکرێت مرۆڤ تووشی نەخۆشی بێت، بەڵام توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە دەڵێن، ئەگەر بێت ئەو مادانە بۆ ماوەیەکی زۆر بە جەستەوە بنووسێن، پێست ئەو مادە کیمیاییانە هەڵدەمژێت. دەشڵێت، ئەم پرۆسە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.
بەگوێرەی توێژینەوەکەی زانکۆی نۆتەردام، نزیکەی 21٪ی هاووڵاتییانی پێگەیشتووی ئەمریکا کاتژمێری زیرەک بەکاردەهێنن و بە تێکڕا رۆژانە 11 کاژێر لەدەستیانە.