کۆکا کۆلا بەرهەمەکانی لە ئەورووپا دەکشێنێتەوە و دەڵێت، مادەی کلۆریان تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
کۆکا کۆلا لە ئەورووپا رایگەیاند، فەرمانی کردووە خواردنەوەکانی کۆلا، سپرایت، فانتا و جۆرەکانی دیکە لە بازاڕەکان بکشێنرێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە پاش چەند تاقیکردنەوەیەک دەرکەوت، رێژەیەکی بەرزی کلۆریان تێدایە.
رۆژی دووشەممە 27-01-2025 کۆمپانیای کۆکاکۆلا یورۆ پاسیفیک پارتنەرز (CCEP)، کە یەکەی لە بوتڵکردن و فرۆشتنی کۆکا کۆلایە لە ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی رێژەیەکی بەرزی کلۆر تێیاندا؛ خواردنەوەکانی کۆلا، سپرایت، فانتا و جۆرەکانی دیکە لە بازاڕەکان دەکشێنرێنەوە.
بەگوێرەی کۆمپانیاکە، لە هەریەک لە بەلجیکا، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و لوکسەمبۆرگ خواردنەوەکان دەکشێنرێنەوە. نیگەرانییەکە ئەوەیە، ئەو خواردنەوانەی کە کلۆریان تێدایە و پێویستە نەفرۆشرێن، لە مانگی تشرینی دووەمی 2024ـەوە بەسەر بازاڕەکاندا دابەشکراون.
کۆمپانیاکە هیچ ژمارەیەکی ئاشکرا نەکرد، بەڵام رایگەیاند، رێژەیەکی بەرچاوی بوتڵ و قوتووەکان ئەو مادەیەیان تێدایە.
مادەی کلۆری کیمیایی بۆ پاککردنەوەی [تەعقیمکردن]ی ئاو بەکاردێت. لە ئەگەری خواردنەوەی بوتڵێک کۆلا کە کلۆری زیادەی تێدابێت، جەستە رووبەڕووی چەند کێشەیەکی تەندروستی دەبێتەوە.
لە کورتمەودادا؛ هێڵنج، رشانەوە و نائاسوودەیی سک ئەگەری هەیە. کلۆر هەروەها کاریگەری دەخاتە سەر کەمبوونەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
لە درێژمەودادا؛ کلۆر زیان بە گورچیلەکان دەگەیێنێت و کاریگەری لە فەرمانی غودەی دەرەقی دەبێت.