لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافی مرۆڤ کرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، پێداچوونەوەی بە راپۆرتی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەنجوومەنەکە هەموو چوار ساڵ و نیو جارێک ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگێشت دەکات بۆ ئەوەی راپۆرتێک لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیاندا بخەنەڕوو.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، کە رۆژی دووشەممە، 27-01-2025 کرا، پێی دەگوترێ پێداچوونەوەی خولیی جیهانی – UPR). کۆبوونەوەی ئەمساڵ ژمارە 48 بوو.
لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا، ئەنجوومەنەکە چەند پێشنیازێک دەدەنە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی لە راپۆرتی داهاتوو باسی ئەوە بکەن چەند لەو پێشنیازانە کاریان لەسەر کراوە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان شانبەشانی نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنەکە ئامادەبوو و راپۆرتێکی خستەڕوو و باسی ئەو پێشنیازانەی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی رابردوو جێبەجێی کردوون.
دیندار زێباری گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی بۆ ماوەی چوار ساڵ 2021-2025 تێپەڕاند کە هاوتەریبی کارنامەی مافی مرۆڤی نیشتمانیی بوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری، بە هاوئاهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان، کاری لەسەر چەند رێوشوێن و سیاسەتێک کرد. ئەنجوومەنی وەزیران لە تەممووزی 2021 کارنامەکەی پەسند کرد و شەش راپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکە و پێشنیازەکان نووسرانەوە."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و یونیتاد [تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش] نزیکەی 408 هەزار لاپەڕەیان [لەسەر تاوانەکانی داعش] بە دیجیتاڵ کرد و یونیتاد 75.4 گێگا بایت دۆکیومێنتی پێشکێش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. ئێمە هەروەها لە هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردن و گەڕاندنەوەی رفێنراوەکان [لەلایەن داعش] بەردەوامە. توانراوە زیاتر لە سێ هەزار رفێنراوی ئێزدی ئازاد بکرێن. هەروەها، هاوکاریی دارایی بۆ زیاتر لە سێ هەزار رزگاربوو [ـی دەستی داعش] دابینکراوە."
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دیندار زێباری بە ئەنجوومەنەکەی گوت: "لەو پێشنیازانەی کە پێداچوونەوەی خولیی جیهانی (UPR) کردوویەتی، 50٪ جێبەجێکراون. بەگوێرەی راپۆرتێکی 2024ـی دەستەی دەستپاکی، 537 سکاڵای یاسایی [لەسەر گەندەڵی] تۆمارکراون. 223 لەو سکاڵایانە نێردراونەتە دادگە و زیاتر لە 1000 سکاڵای یاسایی لەژێر لێکۆڵینەوەدان، 97 کەسیش سزادراون."
هەر لەبارەی وەڵامدانەوە بۆ پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی پێشووتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە، کە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دانرابوون، دیندار زێباری گوتی، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاسای دژە ئەشکەنجە کرد و بڕیارە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "32 کەیسی ئەشکەنجە پێشکێشی دادگە کراون و سزای پێبژاردن [غەرامە] بۆ 31 کەس دەرکراوە، کە تووندوتیژییان کردبوو."
لەبارەی هەوڵی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافی مرۆڤ، دیندار زێباری گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران یاسای پاراستنی منداڵانی جێبەجێکرد، بۆ ئەوەی منداڵان لە تووندوتیژی و بەکارهێنان پارێزراوبن. هەروەها، بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ماڤی نڤیشکانەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان داتابەیسێکی گەورە و تێروتەسەلی پەرەپێدا، کە زانیاریی نڤیشکانەکانی لەسەرە و کارتێکی زیرەکیان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات. چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێن کە داهاتیان کەمە، 3٪ـی ئەو یەکانە بۆ نڤیشکانەکان دەبێت."
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە، دیندار زێباری گوتی: "حکومەتی ئێمە رێوشوێنی زۆر کاریگەری گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکاتەوە. بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاویش، کار لەسەر دروستکردنی 14 بەنداو کراوە کە توانای گلدانەوەی 80 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە."
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ئەنجوومەنە ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی زۆری لە کەمکردنەوەی مادەی هۆشبەر بەدەستهێناوە و گوتی: "لە ساڵی 2020 یاسایەک بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەیەک دەرکرا، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کەسانە بکرێت کە ئالوودەبوون."