لیندزی گراهام بۆ ترەمپ: جێهێشتنی کورد ملیۆنێک جار لە کارەساتی بنغازی خراپتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی دیاری کۆمارییەکان هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت، نابێت ئەمریکا دۆستەکانی بەتەنیا جێبهێڵێت. لیندزی گراهام رایدەگەیێنێت: "بەجێهێشتنی گەلی ئێران و کوردە ئازاکان، ملیۆنێک جار لە کارەساتی بنغازی خراپتر دەبێت."
رۆژی سێشەممە 27-01-2026، لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە، نزا بۆ سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی دەکات تاوەکو لەم کاتە هەستیار و مەترسیدارەدا، بڕیاری دروست بۆ پاراستنی ئەمریکا بدەن.
گراهام لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "مێژوو فێرمان دەکات کە بڕیاری راست ئەوەیە لەگەڵ ئەوانەدا بوەستین کە لەگەڵ ئەمریکادان و قوربانی بۆ دۆزی هاوبەشمان دەدەن."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە کە بە هەڵوێستە تووندەکانی ناسراوە، جەخت دەکاتەوە نابێت "خراپە" قبووڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت تێکبشکێنرێت. گراهام بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا و رایگەیاندووە، تاوەکو مردن کارەساتی "بنغازی" و بەجێهێشتنی مرۆڤەکانیان لەوێ لەبیر ناکات.
لیندزی گراهام بەراوردێک لەنێوان رووداوەکەی بنغازی و دۆخی ئێستای کورد و خۆپێشاندەرانی ئێران دەکات و دەڵێت: "پێویستە مرۆڤەکانی ئێمە پاڵپشتی ئەو کەسانە بکەن کە لە کاتی چەوساندنەوەدا دەبنە دۆستی ئەمریکا، وەک خۆپێشاندەرانی نێو ئێران و کوردە ئازاکان. بە لای منەوە، بەجێهێشتنی گەلی ئێران و کوردە ئازاکان ملیۆنێک جار خراپتر دەبێت لە کارەساتی بنغازی."
لە 11ـی ئەیلوولی 2012ـە لە شارەکانی بەنغازی، تێیدا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی ئەمریکی کوژران، یەکێکیان باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکا بوو؛ رووداوێک کە دواتر بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا هێز و کارمەندەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.
سەرەڕای هۆشدارییەکەی، گراهام متمانەی خۆی بە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربڕیوە و دەڵێت: "ترەمپ کارێکی ناوازەی بۆ پاراستنی ئەمریکا کردووە و دڵنیام بڕیاری راست دەدات."
قسەکانی لیندزی گراهام لە کاتێکدایە، 31 رۆژ لەمەوبەر خۆپێشاندان لە ئێران دەستیپێکرد، بەپێی ئاماری رێکخراوەکان زیاتر لە 6 هەزار کەس و ئاماری حکومەت زیاتر لە 3 هەزار کەس کوژراون. هاوکات لە 6ی ئەم مانگەوە سوپای عەرەبی سووریا هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).