بەکارهێنەرانی تیکتۆک روو لە ئەپی Upscrolled دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بێزاربوونی بەکارهێنەران لە تیکتۆک وایکردووە بەشێکیان ئەپەکە جێبهێڵن و روو لە ئەپڵیکەیشنێکی نوێ بەناوی "ئەپسکڕۆڵد" (Upscrolled) بکەن، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی دابەزاندنەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "سێنسەر تاوەر" بۆ شیکاری، کە تۆڕی میدیایی CNBCی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، رێژەی سڕینەوەی ئەپی تیکتۆک لە ئەمریکا بەراورد بە سێ مانگی رابردوو 150٪ زیادی کردووە.
شرۆڤەکارێک لە هەمان کۆمپانیا بە ماڵپەڕی "ئێنگاجێت"ی راگەیاندووە، ژمارەی بەکارهێنەرانی رۆژانەی تیکتۆک لە ئەمریکا لە هەمان ماوەدا تەنیا نزیکەی 2٪ زیادی کردووە و لەسەر ئاستی هەفتانە جێگیر ماوەتەوە.
تیکتۆک هۆکاری کێشەکانی ئەم دواییەی بۆ پچڕانی کارەبا لە سەنتەرێکی داتاکان گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی "چەندین گرفت" کە کاریگەرییان لەسەر ژمارەی بینین و خێرایی کردنەوەی ڤیدیۆکان هەبووە. کۆمپانیاکە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکەی دیاری نەکردووە.
لەکاتێکدا تیکتۆک بەدەست کێشەکانەوە دەناڵێنێت، ئەپی "ئەپسکڕۆڵد" چووەتە ریزبەندی پێشەوەی ئەپەکان و ئێستا نۆیەمین پڕدابەزێنراوترین ئەپە لە ئەپستۆری ئەمریکا، هەروەها دووەم بەناوبانگترین ئەپی سۆشیاڵ میدیایە لە دوای ئەپی "سرێدز"ـی مێتا. ئەم ئەپە نوێیە لە بەریتانیا و ئوسترالیاش چووەتە نێو پێنج باشترین ئەپەکان.
بەپێی خەمڵاندنەکانی "ئەپ فیگەرز"، لە نێوان پێنجشەممە بۆ شەممە، ئەپسکڕۆڵد نزیکەی 41 هەزار جار دابەزێنراوە، لەکاتێکدا پێش هەفتەی رابردوو رۆژانە کەمتر لە 500 جار دادەبەزێنرا.
ئەم زیادبوونە خێرایە وایکرد کۆمپانیاکە داوا لە بەکارهێنەران بکات "لەسەرخۆبن" تاوەکو کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر دەکەن.
ئەپەکە لەلایەن گەنجێکی ئوسترالی بە رەچەلەک فەلەستینی بەناوی عیسام حیجازی پەرەی پێدراوە و شێوازەکەی لە ئینستگرام دەچێت؛ رێگە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و کورتە ڤیدیۆ دەدات و پۆستەکان بەپێی کاتی بڵاوکردنەوە ریز دەکات.