دوای کوشتنی خۆپێشاندەرێک لە مینیاپڵس ترەمپ هەوڵدەدات تووڕەیی خەڵک هێور بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا بەرپرسێکی باڵای سنوورەکانی ناردە شاری منیاپڵس و هەڵوێستێکی نەرمی نواند، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو تووڕەییە گەورەیەی لە وڵاتەکەدا دروست بووە، دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لەم مانگەدا هاووڵاتییەکی ئەمریکی لەلایەن هێزە فیدڕاڵییەکانەوە کوژرا کە دژی شێوازی دەستگیرکردنی کۆچبەران خۆپێشاندانی دەکرد.
 
کۆشکی سپی تووشی شڵەژان بووە، چونکە ڤیدیۆی تەقەکردنەکە بە خێرایی بڵاوبووەوە و بووە هۆی خۆپێشاندان. هەریەک لە بیل کلینتن و باراک ئۆباما، سەرۆکەکانی پێشووتر و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتی کۆماریش رەخنە لە ترەمپ دەگرن.
 
ترەمپ رایگەیاند، تۆم هۆمان، بەرپرسی دۆسیەی ئاسایشی سنوور "راستەوخۆ" لەسەر دۆخەکە راپۆرتی پێدەدات. ئەم هەنگاوە وەک دانپێدانانێک دێت بەوەی ئیدارەکەی زیانی سیاسیی بەرکەوتووە، چونکە راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەی ئەمریکییەکان دژی ئەو تووندوتیژییەن کە پۆلیسی گومرگ و کۆچبەران (ICE) بەکاری دەهێنێت.
 
گۆڕینی هەڵوێست
 
بەشێوازێکی جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ترەمپ گوتی گفتوگۆیەکی "زۆرباش"ی لەگەڵ تیم واڵتز، حاکمی ویلایەتی مینیسۆتا (کە دیموکراتە) کردووە، لەکاتێکدا پێشتر بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکرد. هەروەها پەیوەندی بە سەرۆکشارەوانیی منیاپڵسەوە کردووە و بڕیارە لە رۆژی سێشەممەوە بەشێک لە هێزە فیدراڵییەکان شارەکە جێبهێڵن.
 
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "کەس نایەوێت خەڵک ئازار بدرێن یان بکوژرێن" و دڵگرانە بە کوشتنی "ئەلێکس پرێتی". 
 
ئەلێکس پەرستارێکی تەمەن 37 ساڵ بوو، رۆژی شەممە لە کاتی خۆپێشانداندا پۆلیسی گومرگ و کۆچبەران لە نزیکەوە تەقەیان لێکرد و کوشتیان. سەرەتا بەرپرسانی ترەمپ بە "تیرۆریستی ناوخۆیی" ناویان دەبرد، بەڵام ئێستا هەڵوێستەکەیان گۆڕیوە.
 
کوژراوێکی دیکە و کەمبوونەوەی جەماوەر
 
ئەمە دووەم رووداوی کوشتنە لەم مانگەدا؛ لە 7ی کانوونی دووەمیش ژنێک بەناوی رێنێ گوود، کە دایکی سێ منداڵ بوو، بە هەمانشێوە کوژرا.
 
هەڵمەتی دژایەتیکردنی کۆچبەران یارمەتیی ترەمپی دا لە هەڵبژاردنی 2024ـدا سەربکەوێت، بەڵام بڵاوبوونەوەی رۆژانەی ڤیدیۆی تووندوتیژیی هێزە دەمامکدارەکان وایکردووە جەماوەرییەکەی زۆر دابەزێت.
 
گوشارە سیاسی و یاساییەکان
 
ئێستا گوشارەکان لەسەر ترەمپ زیاد بوون، دادوەرێکی فیدراڵی تاوتوێی ئەوە دەکات ئایا ناردنی ئەو هێزانە بۆ منیاپڵس یاساییە یان نا.
 
دیموکراتەکان لە کۆنگرێس هەڕەشەی راگرتنی بودجە دەکەن ئەگەر چاکسازی نەکرێت.
 
کۆمارییەکانیش دەنگیان بەرز کردووەتەوە؛ کریس مادێل کە بەربژێری کۆمارییەکان بوو بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی مینیسۆتا، لە کێبڕکێکە کشایەوە و گوتی ناتوانێت لە پارتێکدا بێت کە "تۆڵە لە هاووڵاتییانی خۆی دەکاتەوە."