داوایەک ئاراستەی ترەمپ و ناتۆ دەکرێت: رۆژئاوای کوردستان بکەنە دەوڵەت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی نەمسا بۆ فراوانکردنی ناتۆ پەیامێک ئاراستەی سەرکردەکانی رۆژئاوا دەکات و دەڵێت، رۆژئاوای کوردستان هاوپەیمانی ئێمەیە و کاتی ئەوەیە ئەمریکا و ناتۆ دان بە سەربەخۆییەکەیدا بنێن.
رۆژی سێشەممە 27-01-2026، گونتەر فیهلینگتەر، سەرۆکی لیژنەی نەمسا بۆ کاروباری فراوانکردنی ناتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "داوا لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ دەکەم دان بە کۆماری سەربەخۆی رۆژئاڤادا بنێن و بەرگری لێبکەن."
ئەو بەرپرسە نەمساییە سنووری ئەو "کۆمارە"ی دیاریکردووە کە داوای ناساندنی دەکات و دەڵێت، دەبێت سنوورەکەی "رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات" بێت.
فیهلینگتەر لە پەیامەکەیدا راستەوخۆ ناوی بڕیار بەدەستانی جیهانی هێناوە و داوای کردووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا؛ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و کایا کاڵاس، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داواکارییەکەی لەبەرچاو بگرن، چونکە بە گوتەی ئەو "کۆماری رۆژئاڤا هاوپەیمانی ئێمەیە."
ئەم داوایەی سەرۆکی لیژنەی نەمسا بۆ فراوانکردنی ناتۆ لە کاتێکدایە، لە 6ی ئەم مانگەوە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رووبەڕووی هێرشی سوپای حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامیی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و ناسەقامگیریی زیاتر.