ئیسپانیا مافی مانەوە دەداتە نیو ملیۆن پەناخواز

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى ئیسپانیا بە فەرمى بڕیاری دا مافى نیشتەجێبوون و کار بە نزیکەى 500 هەزار کۆچبەرى نایاسایی بدات. وەزیری کۆچی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئامانجیان "بەخشینی شکۆیە" بەو کەسانە، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، ئابووریی وڵاتەکە پێویستی بەو کۆچبەرانەیە.
 
ئەلما سایز، وەزیرى کۆچی ئیسپانیا رۆژى سێشەممە 27-01-2026 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەى (RTVE) پەسندکردنی مەرسوومەکەی راگەیاند و ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەى لەم بڕیارە سوودمەند دەبن، دەتوانن "لە هەر کەرتێک و لە هەر ناوچەیەکی وڵاتدا بێت" بە شێوەیەکی یاسایى کار بکەن.
 
وەزیرى کۆچی ئیسپانیا گوتی، "ئێمە لێرەدا باس لە رێزگرتن و بەخشینى شکۆ دەکەین بەو کەسانەى کە ئێستا لە ناو خاکی ئیسپانیادان؛ بەپێی خەمڵاندنەکانمان ژمارەیان دەگاتە نزیکەى نیو ملیۆن کەس."
 
بەگوێرەى مەرجەکانى وەزارەتى کۆچ، بڕیارەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە:
 
- لانیکەم پێنج مانگە لە ئیسپانیا دەژین.
 
- پێش رێکەوتى 31-12-2025 داواکارییان بۆ وەرگرتنى پاراستنى نێودەوڵەتى (مافی پەنابەرێتی) پێشکەش کردووە.
 
پڕۆسەی پێشکەشکردنى داواکارییەکان لە مانگی نیسانی داهاتووەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایى مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت. ئەم بڕیارە راستەوخۆ لەلایەن حکومەتەکەی پێدرۆ سانچێزەوە جێبەجێ دەکرێت و پێویستى بە رەزامەندیى پەرلەمان نییە.
 
ئەم هەنگاوەی ئیسپانیا بە تەواوى پێچەوانەی سیاسەتی ئێستای زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە، کە تێیدا پارتە راستڕەوە تووندڕەوەکان گوشار بۆ داخستنى سنوورەکان بە رووی کۆچبەراندا  دەکەن.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانى ئیسپانیا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ بەرژەوەندیی ئابووری گەڕاندەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەى پێویستى بە هێزى کارى کۆچبەران هەیە تاوەکو رێگرى لە داڕمانى سیستمى خانەنشینى بکات و گەشەى ئابوورى بەردەوام بێت.
 
بەپێی ئامارەکان، رێژەى گەیشتنى کۆچبەرانى نایاسایى بۆ ئیسپانیا پار 40% کەمی کردووە، ئەمەش هاندەر بووە بۆ ئەوەی حکومەت بە متمانەوە کار بۆ رێکخستنەوەى دۆخی کۆچبەرانی نێوخۆی وڵات بکات.
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئیسپانیا هەنگاوی لەو شێوەیە دەنێت؛ لە ساڵى 2005ـیشدا مەدرید پڕۆگرامێکی هاوشێوەى بۆ لێبووردنى گشتیى کۆچبەران جێبەجێ کرد، کە لەو کاتەدا بووە هۆى بووژانەوەى کەرتەکانى کشتوکاڵ و بونیادنان.
 
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیى ئیسپانیا، لە کۆى 49.4 ملیۆن دانیشتووى ئەو وڵاتە، زیاتر لە 7 ملیۆنیان بیانین.