مێلانیا ترەمپ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، خانمی یەکەمی ئەمریکا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیدانی واشنتن بە دۆخی پەروەردە و منداڵان لە جیهاندا.
نووسینگەی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مێلانیا ترەمپ رۆژی دووشەممەی داهاتوو (2ی ئاداری 2026) لە نیویۆرک، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنەکە دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی خولیی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەمریکاوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:00ـی پاشنیوەڕۆ بەکاتی نیویۆرک (23:00 بەکاتی هەولێر) بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش بریتی دەبن لە "پەروەردە، تەکنەلۆژیا، ئاشتی و ئاسایش".
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و گوتی: "بەگوێرەی تۆمارەکانی ئێمە، ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا خانمێک یان پیاوی یەکەمی وڵاتێک سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات."
دوژاریک ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەبوونی مێلانیا ترەمپ "نیشانەی ئەو بایەخە زۆرەیە کە ئەمریکا بە ئەنجوومەنی ئاسایش و پرسی پەروەردەی دەدات."
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس ستایشی مێلانیا ترەمپی کرد و گوتی: "هیچ کەسێک هێندەی خانمی یەکەمی وڵاتەکەمان خەمی پاراستنی گەنجانی ئەمریکای نییە."
مێلانیا ترەمپ لە ماوەی رابردوودا پرسی "منداڵان لە کاتی ململانێکاندا" کردووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی، ساڵی رابردوو نامەیەکی بۆ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا نارد و دواتر رایگەیاند، هەوڵەکانی بوونەتە هۆی گەڕانەوەی کۆمەڵێک منداڵی ئاوارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بۆ ناو خێزانەکانیان.
سەردانەکەی مێلانیا بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ دەستپێشخەرییەکی نوێی بەناوی "بۆردی ئاشتی" راگەیاندووە. هەرچەندە رەخنەگران دەڵێن ترەمپ دەیەوێت بەم هەنگاوە رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش کەم بکاتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی بۆردەکەدا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان بە زیندوویی بمێنێتەوە و رۆژێک دێت دەگاتە ئەو ئاستەی کە چاوەڕوانی لێدەکرێت."
سەبارەت بە پەیوەندییە داراییەکانی نێوان واشنتن و نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە چەند ئاژانسێکی وەکو رێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسکۆ کشاوەتەوە، بەڵام بەم دواییانە 160 ملیۆن دۆلاری وەک بەشێک لە شایستە داراییەکانی رادەستی رێکخراوەکە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەمریکا بۆ بودجەی گشتی و پاراستنی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگاتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار.
بڕیارە لە کۆبوونەکەی رۆژی دووشەممەدا، رۆزماری دیکارلۆ، بەرپرسی کاروباری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێک لەسەر ناونیشانی "منداڵان، تەکنەلۆژیا و پەروەردە لە کاتی ململانێکاندا" پێشکێش بە خانمی یەکەمی ئەمریکا و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بکات.