ترامێک لە ئیتاڵیا لە رێڕۆی خۆی دەرچوو؛ کەسێک مرد و 20ـی دیکە برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
ترامێک لە شاری میلانی ئیتاڵیا لە هێڵەکەی لایدا و خۆی بە باڵەخانەیەکدا کێشا. لە ئەنجامی رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و نزیكەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم رووداوە رۆژی هەینی، 27-02-2026، لە شاری میلان روویدا، کە ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە و لەم کاتەدا میوانداریی چالاکییەکانی (هەفتەی نمایشی جلوبەرگ) دەکات. تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی لادانی ترامەکە لەسەر هێڵەکەی نەزانراوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.
چەندین ئەمبووڵانس زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان بە هاوکاریی سەرنشینەکان کرد. ئانا، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە کە لە نووسینگەیەکی نزیک شوێنەکە بوو، گوتی: "تەنیا دەنگێکی تەقینەوەی زۆر بەهێزم بیست؛ بینیم بەشێکی ترامەکە چووەتە نێو دووکانێکەوە."
یەکێک لە سەرنشینەکان گوتی: "وامزانی بوومەلەرزەیە. لەسەر کورسییەکەم کەوتمە سەر زەوی و لەگەڵ سەرنشینەکانی دیکە بەریەک کەوتین، دۆخەکە زۆر مەترسیدار بوو."
شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترامەکە پێش لادانی، بە خێراییەکی زۆر رۆیشتووە.
سەرچاوەیەکی پۆلیس رایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە.