چیرۆکی دوو گەنجی کورد کە لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت کراونەتەوە؛ ''بە دەست و قاچ شکاوی لێیاندام''

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەفتەیە 40 پەناخوازی کورد و عەرەبی عێراقی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت کرانەوە. یەکێک لەوانەی دیپۆرتکراوەتەوە، گەنجێکی خەڵکی پارێزگای هەولێرە بەناوی عادل خەیلانی. کاتێک کە پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا دەچنە سەر ماڵەکەی بۆ دیپۆرتکردنەوەی، لە نهۆمی سێیەمەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە و دەست و قاچی دەشکێت. یەکێکی دیکە لەوانە گەنجێکی خەڵکی سلێمانییە کە ناوی دیلان سەرکەوتە، دوای نزیکەی 10 ساڵ لە مانەوەی لە ئەڵمانیا، دیپۆرت کراوەتەوە.
 
دیلان سەرکەوت لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا لە ستۆدیۆکانی رووداوەوە لە ئەڵمانیا پێشکێشی دەکات، گوتی، "دوای 10 ساڵ دیپۆرت کرامەوە بۆ بەغدا. لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا لەگەڵ یانەیەک خەریکی یاریی تێنس بووم و هیچ کارێکی نایاساییشم لە ئەڵمانیا نەکردبوو."
 
دیلان دەڵێت، "خاوەنی پێنج بڕوانامەی پیشەیی بووم لە ئەڵمانیا و زمانی ئەو وڵاتەم بە باشی دەزانی."
 
هاوکات عادل خەیلانی کە ئێستا لە هەریر دەژی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی رووداو دا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی قسەی کرد و گوتی، "پێنج ساڵ لە ئەڵمانیا ژیام، هیچ کێشەیەکم نەبوو. بێ ئەوەی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکم پێبگات، پۆلیس هاتنە سەر ماڵەکەم و گوتیان، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەت دراوە."
 
''تووند کەلەپچە کرام و لێیاندام''
 
ئەو گەنجەی خەڵکی پارێزگای هەولێر باسی لەوە کرد، "کاژێر 08:40 خولەکی بەیانی بوو، بینیم 15 پۆلیس هاتوون بۆ دەستگیرکردنم. نەمدەویست وام بەسەربێت، بەڵام نەشمدەویست بمگرن. لە بەرزیی زیاتر لە چوار مەترەوە کەوتم و دەست و قاچم شکا."
 
عادل گوتیشی، "بەبێ گوێدانی دۆخم و شکانی دەست و قاچم، کەلەپچەیەکی تووندیان کردم و لێیاندام."
 
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات، لە ژووری تاکەکەسی لە بنکەی پۆلیس راگیراوە، "ژیانم کەوتە مەترسییەوە، خوێن لە گوێم هات و هەموو جەستەم بووە خوێن. پزیشک هات و گوتی ئەمە دەمرێت و دەبێت چارەسەر بکرێت. دوای چارەسەرکردنێکی سادە، بردمیانەوە بۆ زیندان و ئەزێتیان دام."
 
حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، لە پارەوە 8 هەزار و 232 مۆڵەتی مانەوەی پەنابەرانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر ژمارەکە کەمیکردووە. لە لایەکی دیکەوە، ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری لەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو دابەزیوە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی حکومەتی ئەڵمانیا، کە پشتی بە داتاکانی ساڵی 2025 بەستووە، لە کۆی ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەڵوەشاوەتەوە و دیپۆرتکراونەتەوە، 671 کەسیان خەڵکی جۆرجیا، 661 کەس خەڵکی ئەلبانیا و 618 کەسیشیان خەڵکی تورکیا بوون. ئەم سێ وڵاتە لە ئامارەکانی ساڵی 2024ـیشدا پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمیان گرتبوو.