فەرەنسا بۆ رووداو: ئاگربەستی هەسەدە - دیمەشق بووە هۆی پێدانی گەرەنتیی ئەمنی بە کورد

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند، بەشدارییەکی کاریگەری لە هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریادا کردووە. راشیگەیاند، ئەم پرۆسەیە بە دەستوەردان و هەوڵی راستەوخۆی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتووەتە ئەنجام.
 
رۆژی هەینی، 27ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "سەرۆککۆماری فەرەنسا بە شێوەیەکی کەسیی بەشداری لە هەوڵەکاندا کردووە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە. ئەم هەوڵانە لە 29ی کانوونی دووەمدا بوونە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەست و پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە".
 
بەپێی گوتەکانی ئەم سەرچاوەیە، ئەم رێککەوتنە "گەرەنتی سیاسی و ئەمنی" دەداتە کورد، کە فەرەنسا وەک "هاوبەش لە شەڕی دژی داعش" وەسفیان دەکات. ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناو سوپای سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوەکانیان لە ناو کارگێڕی شارستانی و ناساندنی فەرمیی مافەکانیان.
 
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی بەردەوامە لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە. راشیگەیاند، سەردانەکەی نوێل ژان بارۆو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە 5ی شوباتدا بۆ دیمەشق و هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سووری و کوردییەکان "بەشێک بووە لە هەوڵەکانی پاریس بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە."
 
لە کاتی سەردانەکەی بۆ هەولێر، وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان کۆبووەوە. 
هەروەها لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە و پاراستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کرایەوە.