راپۆرتێک: ئێران زۆر دوورە لە دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و پسپۆڕە سەربەخۆکان دەڵێن، ئێران هێشتا زۆری ماوە بتوانێت بەسەر بەربەستە تەکنەلۆجیاکاندا زاڵ بێت و مووشەکی کیشوەربڕ (ICBM) بۆ بەئامانجکردنی خاکی ئەمریکا دروست بکات.
هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا و شارەزایانی سەربەخۆ ئەوەیە کە ئێران کۆسپی گەورەی تەکنەلۆجی لەبەردەمە، بۆیە ناتوانێت مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ (ICBM) دروست بکات.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ پرسیار دەخاتە سەر ئەو پاساوانە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بەپەلە دەیانهێنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ لە گوتاری ساڵانەیدا رایگەیاند، ئێران پەرە بە مووشەکێک دەدات کە "بەمزووانە دەگاتە ئەمریکا".
رۆژنامەکە دەنووسێت، شارەزایان پێیانوایە ئەو ئاستەنگە تەکنیکییانە دەتوانن ببنە دەرفەتێک و کاتێکی زیاتر بە هەردوو لا بدات تاوەکو بەردەوام بن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی تاران و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
شارەزایان باسیان لەوە کردووە، پەرەپێدانی ئەو جۆرە مووشەکانە پێویستی بە هەنگاوی زۆر ئاڵۆزە، وەک دیزاینکردنی کەپسوولی گەڕانەوە بۆ نێو بەرگەهەوا کە قەڵخانێکی هەبێت بەرگەی پلەی گەرمیی یەکجار بەرز بگرێ، هەروەها پەرەپێدانی سیستمێکی ئاراستەکردنی ورد، سەرباری توانای "بچووککردنەوە"ی قەبارەی کڵاوەی ئەتۆمی بۆ ئەوەی لەنێو مووشەکەکەدا جێگەی ببێتەوە، کە ئەم پرۆسەیەش کاتێکی زۆر زیاتری پێویستە لە دروستکردنی ئامێرێکی سەرەتایی ئەتۆمی.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە "ئێستا ئێران یۆرانیۆم بەو ئاستە ناپیتێنێت کە بۆ مەبەستی سەربازی (چەکی ئەتۆمی) بەکاربهێندرێت".
ئەمریکا گومانی لە بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی ئێرانیش هەیە، چونکە واشنتن پێیوایە ئەوە پەردەیەکە بۆ پەرەپێدانی ئەو تەکنەلۆجیایانەی دەکرێ لە مووشەکی دوورمەودا بەکاربهێندرێن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) مەزندەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئێران بڕیار بدات تەکنەلۆجیای هەڵدانی مووشەکی بۆشایی ئاسمان ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت، رەنگە تاوەکو ساڵی 2035 بتوانێت تاوەکو 60 مووشەکی دوور مەودا بەرهەمبێنێت.