ترەمپ بۆ رووداو: زۆر باش لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق هەڵدەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "زۆر باش لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق هەڵدەکەم." ئەمەش لە کاتێکدایە نێردە تایبەتییەکەی، تۆم باراک لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کردووە بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسیی وڵاتەکە.
 
ئەمڕۆ هەینی، پێش ئەوەی بەرەو تێکساس بەڕێ بکەوێ، ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی رووداو سەبارەت بە سەردانەکەی تۆم باراک بۆ عێراق و ئەوەی چ پەیامێکی بۆ بەرپرسانی وڵاتەکە پێیە، ترەمپ بە کورتی گوتی، "من لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق زۆر باش هەڵدەکەم،" بەو واتایەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان باشە.
 
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن. تۆم باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و نێردەی تایبەتە بۆ سووریا، لە بەغدایە و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە هاوکات بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجامداوە.
 
ناکۆکی لەسەر مالیکی
 
سەردانەکەی نێردەکەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نیشاندا.
 
مانگی رابردوو، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، هۆشداریدا کە ئەگەر مالیکی، کە واشنتن بە نزیک لە ئێران دایدەنێت، ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەوا ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.
 
ترەمپ، مالیکی بە "هەڵبژاردنێکی زۆر خراپ" ناوبرد کە لە دوو خولی سەرۆکوەزیرانی لە ساڵی 2006 تاوەکو 2014 پێشووی بووەتە هۆی "هەژاری و پشێویی تەواوەتی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیدا لەگەڵ نێردەکەی ترەمپ، مالیکی جەختی لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ویستی خەڵکەکەی کردووەتەوە. هاوکات باراک ئاماژەی بە رۆڵی عێراق کردووە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
 
عێراق لەدوای هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دووەمی 2025ـەوە تووشی دۆخێک بووە کە وایکردووە لایەنەکان نەتوانن لەسەر حکومەتی نوێ رێکبکەون.
 
دەقی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:

رووداو: بەڕێز سەرۆک، تۆم باراك، نێردەی تایبەتیت ئێستا لە عێراقە. پەیامت بۆ سەرکردایەتیی عێراق چییە؟
 
دۆناڵد ترەمپ: من زۆر باش لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق هەڵدەکەم.
 
 
**ئەم هەواڵە لە لایەن بژار زوبێرەوە داڕێژراوەتەوە.