ساشا بەیکەر بۆ فوئاد حوسێن: میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی دژی تیرۆریستان دروست دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە.
رۆژی سێشەممە 26ی ئاداری 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساشا بەیکەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێنتاگۆن پێشوازی لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هاتووە، "یاریدەدەری وەزیری بەرگری و فوئاد حوسێن بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی عێراق – ئەمریکا، پابەندبوون بە سەروەری و ئاسایشی عێراق و بەهێزکردنی هاوبەشییە دوولایەنیەکانیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی دووپاتکردەوە."
ساشا بەیکەر، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سوپاسی هەوڵەکانی عێراقی بۆ پاراستنی هێزە عێراقییەکان، ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە.
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران" کاریگەریی لەسەر هەوڵەکانی "دژی تیرۆریستان دروست دەکەن و بوارێکی فراوانتر بە رێکخراوی داعش دەدەن کە جموجووڵیان هەبێت و ژیانی خەڵکی سڤیل بخەنە مەترسییەوە."
هەر دوێنێ سێشەممە، فوئاد حوسێن لە واشنتن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەردوو وەزیری دەرەوە باسیان لە هاوکارییەکان لە بواری پرسە ئەمنی، ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە گوێرەی رێککەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق کرد؛ هەروەها باسیان لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی ئەمریکا و عێراق و کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 15ی نیساندا کرد."