ترەمپ: ئێران بەڕێزەوە داوای 7 رۆژ مۆڵەتی کرد، من گوتم 10 رۆژتان پێدەدەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوەتی هێزی دەریایی و ئاسمانیی تارانی لەنێو بردووە. ترەمپ جەختی کردەوە، رێگە نادات هیچ "شێتێک" ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و گوتی، سێ رۆژ زیاتر لەو مۆڵەتەی بە ئێران داوە کە داوا کراوە.
رۆژی هەینی 27-03-2026، ترەمپ بە فۆکس نیوزی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، سوپای ئەمریکا توانیویەتی گورزی کوشندە لە ئێران بوەشێنێت و گوتی: "سوپاکەیان وێران بووە؛ هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان بە تەواوەتی لەناو چوون. ئێمە 154 کەشتیی جەنگیی ئەوانمان ژێرئاو خستووە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، توانای مووشەکیی ئێران 91٪ کەمی کردووە و زۆربەی سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و کارگەکانی دروستکردنی درۆنیان تەقاندووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر ئەو کەسانەی کە بە لایانەوە ئاساییە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "هەندێک کەسی لاواز و گەمژە هەن کە باکیان نییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام خەڵکی (MAGA) زیرەکن و دەزانن ئەوە چەند مەترسیدارە."
ترەمپ گوتی: "نابێت رێگە بدەین ئایدیۆلۆژیایەکی شێت ببێتە خاوەنی هێزێکی وا وێرانکەر کە ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بسووتێنێت."
ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمریکا ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و ئاستی بەرهەمهێنانی لە سعودیە و رووسیا پێکەوە زیاترە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە پێویستمان بە تەنگەی هورمز نییە، بەڵام بۆ وڵاتانی دیکە دەیپارێزین. ئەمریکا ئێستا لە رووی وزەوە لە هەمووان بەهێزترە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەزموونی ڤەنزوێلاش کرد و گوتی: "جەنگی ڤەنزوێلا لە 45 خولەکدا کۆتایی هات و ئێستا ئێمە سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت لەوێوە دەهێنین."
ترەمپ باسی لە تێرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی ئێران کرد، لەوانە عەلی خامنەیی و جێگرەوەکانی و گوتی: "ئێستا کەس حەز ناکات ببێتە رێبەری ئێران، چونکە دەزانن چییان بە سەر دێت."
سەبارەت بە دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا، ترەمپ گوتی: "ئەوان (ئێرانییەکان) دیارییەکی گەورەیان بۆ ناردم کە بەهایەکی یەکجار زۆری هەبوو، بۆیە مۆڵەتی 10 رۆژم پێ دان." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان بەڕێزەوە داوای 7 رۆژیان کردبوو، بەڵام ئەو 10 رۆژی پێ داون چونکە "ئەوان 8 کەشتییان وەک دیاری رادەست کردووەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ شانازیی بە دەستکەوتە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئەمریکاوە کرد و رایگەیاند، پێوەری داو جۆنز گەیشتووەتە 50,000 خاڵ و (ئێس ئاند پی)ـیش گەیشتووەتە 7,000 خاڵ.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە 100٪ـی خەڵک پشتگیری لە سیاسەتەکانی دەکەن بۆ پاراستنی وڵات لە "تێرۆریستان".
ترەمپ لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ئامانجی ئەو تەنیا بردنەوەیە و رێگە نادات هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بمێنێتەوە.