پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی (CDU) لە ئەڵمانیا: کورد رۆڵێکی کارای لە گەشەپێدانی ئەڵمانیا دا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

نەورۆز لە باڵەخانەی پەرلەمانی هەرێمی شلێزڤیگ هۆڵشتاین بەرز راگیرا. سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کوردی پارتی (CDU) دەڵێت: "کورد رۆڵێکی کارای لە گەشەپێدانی ئەڵمانیا دا هەیە."
 
سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کوردی پارتی (CDU) کە رێکخەری ئەو ڕێوڕەسمەیە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، ئەم ساڵیش وەک ساڵانی رابردوو بە بەشداریی پێکهاتە جیاوازەکان لە کورد، ئەفغانی، هیندی، ئێرانی و نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان، دیمەنێکی جوانی پێکەوەژیان لە ناو پەرلەمان دا نیشان دراوە.
 
سەیران پاپۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی کورد لە ئەڵمانیا لە زیادبووندایە و تەنیا لە ویلایەتی شلێزڤیگ هۆڵشتاین کوردێکی زۆر هەن کە لە بوارە جیاوازەکاندا چالاکن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک پارتەکەیان دژی تواندنەوەن (ئەسیمیلاسیۆن) و دەیانەوێت هەموو پێکهاتەکان بە زمان و کولتووری خۆیانەوە لە گەشەپێدانی وڵات دا بەشدار بن، چونکە بە وتەی ئەو، ئەڵمانیا نیشتمانی ئەوانیشە و مافی یەکسانیان تێیدا هەیە.
 
سەبارەت بە دەستکەوتە سیاسییەکان، ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاشکرای کرد کە توانیویانە زمانی کوردی بخەنە ناو پڕۆگرامی زانکۆکانی ویلایەتەکە، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی مێژوویی وەسف کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر ئاستی حکومەتی ویلایەتەکە، کار کراوە بۆ ڕێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان.
 
لە کۆتاییشدا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو رایگەیاند کە پارتەکەیان (CDU) بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و ئومێدیان هەیە جارێکی دیکە متمانەی دەنگدەران بەدەست بهێننەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بۆ چوارەمین جار و دوای چوار ساڵ لەسەریەک، لە پەرلەمانی ویلایەتی شلێزڤیگ هۆڵشتاین لە باکووری ئەڵمانیا، جەژنی نەورۆز بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت پیرۆز دەکرێت. ئەو کەسەی لە پشت ڕێکخستنی ئەم نەورۆزەیە لە ناو پەرلەماندا، پەرلەمانتارێکی ئەڵمانییە کە بە ڕەچەڵەک کوردە، پەرلەمانتاری پارتی (CDU)ی فەرمانڕەوایە لە ویلایەتی شلێزڤیگ هۆڵشتاین، پارتەکەی فریدریش مێرتسە کە کاندیدی پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیایە. ئەم خانمە ناسراوە و پێویست بە ناساندنی زۆر ناکات؛ سەیران پاپۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەم ویلایەتەیە و لەگەڵمانە. سەیران خان جەژنت پیرۆز بێت، زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت، نەورۆزێکی خۆش لێرە بەڕێوەدەچێت.
 
سەیران پاپۆ: منیش جەژنی تۆ پیرۆز دەکەم، جەژنی هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم. بێگومان لێرە پێکەوە شایەتی ئەوەین، نەورۆزێکی زۆر خۆشمان پێکەوە بەسەربرد و من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم.
 
رووداو: سەیران خانم، شتێک سەرنجی منی راکێشا؛ نەورۆز جەژنێکی کوردییە، بەڵام دەبینم خەڵکی جیاوازت بانگهێشت کردووە. دەتەوێت چی بە کورد و بەو خەڵکەی لێرەن بڵێیت؟
 
سەیران پاپۆ: من پەرلەمانتارم و بەشێکی کارەکانم لەگەڵ خەڵکی بیانییە. ئێمە لەگەڵ هەموو بیانییەک کار دەکەین. وەک بینیتان، خەڵکی بیانیی جۆراوجۆر لێرەن، بۆ نموونە ئەفغانی، ئێرانی، هیندی و زۆری دیکەش کە رەنگە ئێستا ناویانم لەبیر نەمابێت، هەروەها جوو، خوشک و برا ئێزدییەکانمان و موسڵمانەکانیش هاتبوون، واتە خەڵکی جۆراوجۆر، گەنجانمان، ژنانمان و نوێنەری پارت و ئایینەکانی دیکەش ئامادە بوون. بە ڕاستی ئەمڕۆ پەرلەمان دیمەنێکی زۆر جوانی هەبوو و بۆ ئێمە دڵخۆشییەکی گەورە بوو.
 
رووداو: سەیران خانم، دۆخی کورد لەم هەرێمە چۆنە؟ بەتایبەتی کە کورد لە ئەڵمانیا بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. هۆکارەکان جیاوازن، چ لە ڕۆژئاوا بێت یان باشوور و باکوور، ژمارەی کورد زیاد دەکات. هەلی بەردەم کورد لەم هەرێمەدا چۆن دەبینیت؟
 
سەیران پاپۆ: دەزانی لە ئەڵمانیا باس لەوە دەکرێت نزیکەی دوو ملیۆن کورد هەبن، ئەمە دەرفەتێکی زۆر گەورەیە و کۆمەڵگەیەکی گەورەشە. لە شلێزڤیگ هۆڵشتاینیش کوردێکی زۆرمان هەیە، کورد لێرە وەک عەرەب یان تورک و ئێرانی لە پێگەی فەرمیدا دەردەکەون. دەتوانم بڵێم کوردانی ئێرە لە گەشەپێدانی ئەم وڵاتەدا ڕۆڵیان هەیە. ئەمەش بۆ ئێمە جێی شانازییە و زۆر دڵخۆشین پێی.
 
رووداو: کوردانی ئێرە چی دەکەن؟ کار دەکەن؟ دەخوێنن؟ ئایا توانیویانە پێگەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگەدا جێگیر بکەن یان تەنیا تۆ وەک کوردێکی ناسراو و پەرلەمانتار لەم ناوچەیەدا دەبینرێیت؟ ئایا کورد لە ناو کۆمەڵگەی شلێزڤیگ هۆڵشتایندا چالاکن؟
 
سەیران پاپۆ: ئێمە خوێندکارێکی زۆرمان هەیە، خەڵکێکی زۆرمان هەیە هاوکارن لە پێشخستنی ئەم ویلایەتەدا، کار دەکەن و وەک ئاماژەم پێدا زۆر پێشکەوتوون. ئێمە دەمانەوێت نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەر کەسێک بیەوێت خۆی پێشبخات، دەرگاکان واڵا بکەین. چونکە ئێمە هەمیشە دژی ئەسیمیلاسیۆنین و دەمانەوێت هەر کەسێک بە زمان و ڕەنگ و کولتووری خۆیەوە لەگەڵمان بێت. لەبەر ئەوەی ئێمە لێرە دەژین، ئەم وڵاتە هی ئێمەشە، چەند دڵمان لەوێ بێت، لێرەش مافمان هەیە و دەمانەوێت وەک هەر کەسێکی تر لە پێشخستنی ئەم وڵاتەدا بەشدار بین.
 
رووداو: سەیران خان، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکانی ئەڵمانیا کرا، لە ڕاینلاند فالس پارتەکەتان بوو بە پارتی یەکەم. ئێستا چاوەکان لەسەر ئێوەیە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو. سەرۆکوەزیرانی ئێرەش کەسایەتییەکی خۆشەویستە، چاوی کوردیش لەسەر تۆیە، ئایا جارێکی تر متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنیتەوە؟ ئایا ئێستا بە جۆش و خرۆشەوەن بۆ هەڵبژاردن یان هێشتا زووە؟
 
سەیران پاپۆ: ئێمە ئێستا باس لە هەڵبژاردن ناکەین، بەڵام هەڵبژاردن ساڵی داهاتوو لە مانگی چواردا دەکرێت. من لەو باوەڕەدام لە شلێزڤیگ هۆڵشتاین هەم بۆ گەلی خۆمان و هەم بۆ بیانییەکانی دیکەش کارمان کردووە. بۆ نموونە سەبارەت بە کورد، توانیمان زمانی کوردی بخەینە ناو پڕۆگرامی زانکۆوە، ئەمە بۆ ئێمە دەستکەوتێکی مێژوویی بوو. من کاتێک بەربژێر بووم بەڵێنم دا ئەگەر بچمە پەرلەمان ئەمە یەکەم پڕۆژەم بێت و جێبەجێمان کرد. هەروەها لە بابەتی ئێزدییەکاندا، پەیامێکی ڕوونمان دا نابێت خەڵکی ئێزدی دیپۆرت بکرێنەوە، جا خەڵکی هەر پارچەیەکی کوردستان بن. واتە هەوڵێکی باشمان داوە، ئەم چوار ساڵەش وەک باست کرد نەورۆزمان لێرە کردووە. وەک CDU کارمان کردووە لە ڕووی ئابووری، خوێندن، مافی ژنان و کاروباری بیانییەکانەوە، دەستکەوتی باشمان هەبووە. وەک باست کرد، دانیێل گونتەر، سەرۆکوەزیرانیش زۆر خۆشەویستە، چونکە کاتێک ئێمە وەک CDU بەڵێنێک دەدەین، جێبەجێی دەکەین. ئێمە تا کاتی هەڵبژاردن وەک حکومەت لە کارەکانمان بەردەوام دەبین و هیوادارین خەڵکیش پشتگیریمان بکەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس، نەورۆزت پیرۆز بێت و دووبارە دەستخۆش.
 
سەیران پاپۆ: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم، سوپاسی هەر کەسێک دەکەم هاتووە و نەورۆزی هەمووان پیرۆز دەکەم.