نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووداو: بێ ئاگاین لە گواستنەوەی خەڵک بۆ عەفرین
رووداو-برۆکسل
لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوکاریی بۆ داهاتووی سووریا لە برۆکسل، نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەگەڵ بەرپرسی ئاژانس و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەژێر چاودێریی یەکێتی ئەوروپا، گفتوگۆیان کرد. ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە بێدەنگییان هەڵبژاردبوو لە پرسی عەفرین، رووداو ئەو بێدەنگیەی شکاند و پرسیاری لە جێگری سهرۆكی كۆمیسیۆنی یهكێتی ئهوروپا و یاریدەدەری سكرتێری گشتی نهتهوه یەکگرتووەکان کرد لەبارەی دۆخی عەفرین.
لە ههر دوو رۆژی كۆنفرانسدا، پرسی باسنەکراو عهفرین و خهڵكی ئەوێ بوو، رووداو ئهو بێدهنگییەی شكاند. لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو پرسە، مارك لۆكۆك یاریدەدەری سكرتێری گشتی نهتهوه یەکگرتووەکان بۆ كاروباری مرۆیی رایگەیاند: "لەبارەی عەفرین ئێمە دەمانەوێت هاریکاریی مرۆیی بگەیێنیە ئەو ناوچەیە، ئەویش لەڕێگەی سنووری تورکیا و بەهاوکاریی تورکیا. بەڵام ئەوەی کە دەگوترێت خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە دەگوازرێتەوە ئەوەم نەبیستووە".
فێدریكا مۆگیرینی، جێگری سهرۆكی كۆمیسیۆنی یهكێتی ئهوروپا گوتی: "ئێمە هیچکات شەرممان نەکردووە لەوەی باسی عەفرین بکەین، ئێمە هەمیشە جەختمانکردووەتەوە کە کردەی سەربازی چارەسەری کێشەکان ناکات لەو ناوچەیە و گوتوومانە کە فۆکەسی سەرەکیمان بە ئامانجکردنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بێت، لە دەستپێکی قەیرانەکان تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانی ئێمە بەردەوامە".
سهعهد حهریری سهرۆكوهزیرانی لوبنان لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەبارەی پرسی کۆچبەرانی سووریا رایگەیاند: "ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و ئێمەیش هاوکاریی مرۆییان پێشکەش بکەین، بەڕاستی خەرجیی کۆچبەران لەسەر گەل و وڵاتی ئێمە زۆر بارگرانییە".
لەو چوار ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆیەی کە بەڵێن دراوە تەنیا ئەڵمانیا یەک ملیار یۆرۆی بەخشیوە. هایكۆ ماس، وهزیری دەرەوەی ئهڵمانیا گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئێش و ئازاری گەلی سووریا کەم بکەین، وەک ئەڵمانیا لە ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو یەک ملیار دەبەخشینە کۆچبەرانی سووریا"
بەرپرسانی 85 وڵات و دەزگای جیهانی بۆ پرسی سووریا لە یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە، لە نێویاندا هیچ نوێنەرێک لە باشووری کوردستانەوە بەشداریی نەکردبوو ئەگەرچی زیاتر لە 300 هەزار کۆچبەری سووری روویان لە باشووری کوردستان کردووە.