کیم جۆنگ ئوون چی بەسەر هاتووە و کێ شوێنەکەی دەگرێتەوە؟

رووداو - هەولێر
 
کیم جۆنگ ئوون، یەکێکە لە گەنجترین و دیارترین سەرکردەکانی جیهان، سەرۆکایەتی وڵاتێکی داخراوی 25 ملیۆن کەسی دەکات بە ناوی کۆریای باکوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێی سەرسامە. لە وڵاتەکەی ئووندا، کەس بۆی نییە بڕیاربدات، خۆی نەبێت.
 
بەتەنیا دۆستی نزیکی چینە، بە ئاشکرا هەڕەشە لە دراوسێکانی و تەنانەت ئەمریکاش دەکات، بە دڵی خۆی مووشەک تاقیدەکاتەوە و زۆر گوێ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نادات.
ئەم سەرۆکە کە کوڕی دووەمی کیم جۆنگ ئیلی، رێبەری باڵای پێشووی کۆریای باکوورە، بەپێی تۆمارەکانی کۆریای باشوور لە 8ی کانوونی دووەمی 1983 لە پیۆنگیانگ لە دایکبووە، لە ساڵی 2012-2016  سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی بەرگریی کۆریای باکووری کردووە، هەر لەو ماوەیەدا سکرتێری یەکەمی تاکە پارتی وڵاتەکەی، پارتی کرێکارانی کۆریا بووە، لە 30ی کانوونی یەکەمی 2011 بووە بە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی، لە 9ی ئایاری 2016 بووە بە سەرۆکی پارتی کرێکاران و لە  12ی کانوونی یەکەمی 2011شەوە چووەتە شوێنی باوکی و بووە بە رێبەری باڵای کۆریای باکوور.
 
کیم جۆنگ ئوون، کەسێکی قەڵەوە، جگەرە دەکێشێت و هەروەها پێشتر چەند جارێک نەخۆشکەوتووە، لەمدواییانەش میدیاکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور ئاشکرایانکرد کە کیم جۆنگ ئوون، نەخۆش کەوتووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و گومان لەسەر مردنی پەیدابوو، بەتایبەتیش کە بۆ یەکەمجار لە رۆژی 15ی نیسان بەشداریی لە گرنگترین رێورەسمی وڵاتەکەیدا نەکرد کە لەدایکبوونی باپیرەی بووە و ساڵانە لەم رێوڕەسمەدا دەردەکەوێت.
 
لە دوایین دەرکەوتنیدا، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیی حیزبی کرێکارانی دەسەڵاتداری کردووە لە 11ی نیسان، تێیدا تاوتوێی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە. 
 
رۆبێرت کێڵی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی نیشتمانیی بوسان لە کۆریای باشوور دەڵێت: "پێشبینی من ئەوەیە، چونکە تائێستا هیچ شتێکمان لە میدیاکانی کۆریای باکوورەوە گوێ لێنەبووە، گوشارەکانیش دەستیانپێکردووە، بۆ نزیکەی چەند هەفتەیەک یان دە رۆژ دەبێت ئەمە بووەتە باس و خواسی میدیاکان، پێموایە شتێکی بەسەر هاتووە، یان ئەوەتا مردووە، یان تووشی کێشەیەک بووە، یان لە هۆشخۆی چووە. مەبەستم ئەوەیە دەنگۆیەکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە."
 
گومانەکان لەسەر مردنی کیم جۆنگ ئوون زیاتر دەبن، تەنانەت کۆریای باشووریش کە بە ئاسانی دەستی بە زانیارییەکان لە باکوور دەگات، لەوە دڵنیانییە چی بەسەر کیمدا هاتووە، چین تیمێکی پزیشکی رەوانەی پیۆنگیانگ کردووە، بەڵام هێشتا روون نییە دۆخی تەندروستی کیم جۆنگ ئوون چۆنە.
 
بەشێک لە چاودێران و شارەزایانیش لە پرسی کۆریا دەڵێن گومان لەوەدا نییە کیم جۆنگ ئوون شتێکی بەسەر هاتووە، رەنگە شاردنەوەی ئەم پرسەش پەیوەندی بەوە هەبێت کە کێ شوێنەکەی کیم جۆنگ ئوون دەگرێتەوە...
 
پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی نیشتمانیی بوسان لە کۆریای باشوور دەڵێت: "پێموایە ئەگەر ئەو مردبێت، نازانم کەی دێنە پێشەوە و ئەو هەواڵەمان پێڕادەگەیێنن. بەڵام پێدەچێت ئەوان لە پشت ئەم رووداوە، سەرقاڵی ئەوەبن کە کێ شوێنەکەی دەگرێتەوە. پێشبینی دەکەم لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەگەرمی شتێکمان لەمبارەوە گوێلێبێت."
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، نابێت جیهان بە مردنی کیم جۆنگ ئوون، چاوەڕێی تێکچوونی دۆخی کۆریای باکوور بکات، چونکە ئەم وڵاتە وڵاتێکی داخراوە و سیستەمەکەی دیکتاتۆرییە، کیم جۆنگ ئوونیش بڕوات بە ئاسانی کەسێکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە، بەهێزترین کاندیدیش کە تاوەکو ئێستا لە میدیاکاندا ناوی دەبردرێت، کیم یۆ جۆنگی خوشکییەتی کە هەم تێکەڵ بە سیاسیەت و هەمیش پێشتر لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا هاوکاری براکەی کردووە.