ئاهەنگ بوو بە ماتەم؛ ئۆتۆمبێلێک لە کەنەدا خۆی کرد بەنێو فێستیڤاڵێکدا و کوژراو و بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ڤانکوڤەری کەنەدا کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو قەرەباڵخیی 'فێستیڤاڵێکدا' دەکات، بەپێی پۆلیسی شارەکە، 'ژمارەیەک' لە خەڵک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی پۆلیسی ڤانکوڤەر، دەوروبەری کاژێر 10:00ی شەوی شەممە 26ی نیسانی 2025 (دەوروبەری کاژێر 08:00ی بەیانی یەکشەممە 27ی نیسان بەکاتی هەولێر)، کەسێک لە ناوچەیەکی باشووری شارەکە بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کردووە، چەند کەسێکی کوشتووە و بریندار کردووە.
 
لەدوای هێرشەکە، پۆلیس توانیویەتی دەستبەجێ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیر بکات و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشەکە روون نەبووەتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس رایگەیاندووە، لەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا کراوە، فێستیڤاڵێکی فیلیپینییەکان بەڕێوەچووە، خەڵکێکی زۆر ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون و سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بوون.
 
کێن سیم، سەرۆکی شارەوانیی ڤانکوڤەر لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاندووە، "تووشی شۆک بووم و خەمبارم بەم رووداوە کە لە فێستیڤاڵی لاپو لاپو روویداوە. بیرمان لای ئەوانەیە بوونە قوربانیی ئەو هێرشە، دەزانین ئێستا کاتێکی قورسە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان."
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، پۆلیس ناوچەکانی نزیک لە رووداوەکەی داخستووە، سەرقاڵی خاوێنکردنەوە و لێکۆڵینەوەن و قسە لەگەڵ شایەتحاڵەکان دەکەن.