ترەمپ لە پێشكێشکارێک تووڕە دەبێت؛ "من منداڵباز نیم"
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکدا، گرژی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و پێشكشێکارێک دروست بوو.
ترەمپ بە تووندی رەخنە لە پێشکێشکارێکی بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس گرت و پێی گوت، "تۆ جێگەی شەرمەزاریت"، ئەمەش دوای ئەوەی پێشکێشکارەکە دەقی یاداشتنامەی ئەو تەقەکەرەی خوێندەوە کە شەوی شەممە بە کاتی واشنتن هێرشی کردە سەر ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی.
لە هەڤپەیڤینەکەدا لەگەڵ نۆرا ئۆدۆنێل، پێشکێشکاری بەرنامەی بەناوبانگی "60 Minutes"، جارێکی دیکە ترەمپ رووبەڕووی میدیاکان بووەوە و رەخنەی تووندی لێگرتن.
گرژییەکە کاتێک دروستبوو کە ئۆدۆنێل ئاماژەی بە "مانیفێستۆ"ی تەقەکەرەکەی کرد. پێشکێشکارەکە لە زاری تەقەکەرەکەوە خوێندیەوە کە نووسیبووی "بەرپرسانی ئیدارەکە ئامانجن" و هەروەها نووسیبووی: "من چیدیکە ئامادە نیم رێگە بە منداڵبازێک، دەستدرێژیکارێک و ناپاکێک بدەم دەستەکانم بە تاوانەکانی پیس بکات."
کاتێک ئۆدۆنێل پرسیاری کاردانەوەی ترەمپی لەسەر ئەو قسانە کرد، سەرۆکی ئەمریکا بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "چاوەڕێی ئەوە بووم کە ئەوە بخوێنیتەوە چونکە دەمزانی دەیخوێنیتەوە، لەبەرئەوەی ئێوە کەسانێکی زۆر خراپن." ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستدرێژیکار و منداڵباز نییە و گوتی "دەستدرێژیم نەکردووەتە سەر کەس."
ترەمپ بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر پێشکێشکارەکە و میدیا بەگشتی، و گوتی: "تۆ ئەو قسە بێواتایانەی کەسێکی نەخۆش دەخوێنیتەوە. من بە هەموو ئەو شتانەوە لکێنراوم کە هیچ پەیوەندییەکیان بە منەوە نییە. من بەتەواوی بێتاوانیم سەلمێنرا."
سەرۆکی ئەمریکا پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنی بەرامبەر، واتە دیموکراتەکان درێژ کرد و گوتی: "هاوڕێکانت لە بەرەکەی دیکە ئەو کەسانەن کە تێوەگلاون، با بڵێین لەگەڵ ئێپستین یان شتی دیکە."
لە کاتێکدا ئۆدۆنێل هەوڵیدا روونی بکاتەوە کە ئەوە تەنیا قسەی تەقەکەرەکەیە و ئەو وەکو رۆژنامەڤانێک دەیخوێنێتەوە، ترەمپ قسەکانی پێبڕی و گوتی: "رێگەم بدە، رێگەم بدە. نەدەبوو ئەوە لە بەرنامەی 60 خولەک بخوێنیتەوە. تۆ جێگەی شەرمەزاریت." هەرچەندە ترەمپ داوای کرد هەڤپەیڤینەکە تەواو بکەن، بەڵام دووبارە بە ئۆدۆنێلی گوتەوە: "تۆ جێگەی شەرمەزاریت."
پێش ئەم گرژییە، ترەمپ ستایشی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەکەرەکەدا و گوتی کە ئەو "پشتیوانێکی سەرسەختی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسایە." سەبارەت بە توانای تەقەکەرەکەش بۆ راکردن، ترەمپ بە تەنزەوە گوتی: "وا رایکردووە کە پێموایە دەبێت خولی نیشتمانیی تۆپی پێی ئەمریکی (NFL) گرێبەستی لەگەڵدا بکەن. زۆر خێرا بوو."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ میدیادا، ترەمپ رەخنەی لە میدیا و دیموکراتەکان گرت و بە "بەنزیکەیی یەک شت" وەسفی کردن، بەتایبەتی لە پرسەکانی وەک تاوان و ئاسایشی سنوورەکان، کە تێیدا بەرگریی لە سیاسەتە تووندەکانی خۆی کرد.